ورده‌کاری ڕێککه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر کردنه‌وه‌ى فڕۆکه‌خانه‌کان

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رچاوه‌یێکی ئه‌منیی ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌ڵێت: بۆ کردنه‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان هه‌ولێر و به‌غدا ڕێککه‌وتوون له‌سه‌ر ڕێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌کان له‌ فڕۆکه‌خانه‌، ده‌روازه‌ سنوورییه‌کان و کاروباری گومرگ.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پاش لێدوانی حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌باره‌ی کردنه‌وه‌ی فڕۆکه‌خانه‌کانی هه‌رێمی کوردستان تاکوو پێش جه‌ژنی نه‌ورۆز سه‌رچاوه‌یێکى ئه‌منیی فیدراڵی به‌ ئێن ئاڕ تی عه‌ره‌بی ڕاگه‌یاندوووه: هه‌فته‌ی ڕابردوو شاندێکى باڵای عێراق سه‌ردانى هه‌ر دوو فڕۆکه‌خانه‌ى هه‌ولێر و سلێمانى کردوووه‌ و چه‌ند کۆبوونه‌وه‌یێکیشی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى هه‌رێم ئه‌نجام داوه‌ و له‌سه‌ر ورده‌کاری شێوازی کردنه‌وه‌ى فڕۆکه‌خانه‌کان ڕێککه‌وتوون.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ڕای‌گه‌یاندوووه‌: هه‌ر دوو لا ڕێککه‌وتوون هه‌موو شێوازی ڕێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌کان له‌ سه‌رجه‌م فڕۆکه‌خانه‌کانى عێراق یه‌ک جۆر بێت و هاوکات داتابه‌یسی ئه‌منی و هه‌واڵگریی عێراق و هه‌رێم له‌ فڕۆکه‌خانه‌کانى هه‌ولێر و سلێمانى تێکه‌ڵ بکرێت و لیژنه‌یێکى هاوبه‌شیش له‌ هه‌ر دوو لا دۆسیه‌ى ئه‌منی و هه‌واڵگری و گومرگ له‌ فڕۆکه‌خانه‌کان به‌ڕێوه‌به‌رن.

سه‌رچاوه‌که‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کردووه‌: "ده‌زگای هه‌واڵگریی عێراق و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌کانى هه‌رێم گه‌یشتوونه‌ته‌ ڕێککه‌وتن و ئه‌و شانده‌ى به‌غدادیش له‌گه‌ڵ که‌سی یه‌که‌می ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌کانى هه‌رێم کۆ بوونه‌ته‌وه‌".

سه‌رچاوه‌که‌ ئه‌وه‌شی وتوووه‌: ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ش ده‌رئه‌نجامی داوا کردنى حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق بوووه‌ له‌ ده‌زگاکانى عێراق بۆ ئه‌وه‌ى به‌ زوویی له‌گه‌ڵ هه‌رێم ڕێکبکه‌ون له‌سه‌ر ورده‌کاری ڕێککه‌وتنه‌که‌ و خێرا بڕیاردان له‌ کردنه‌وه‌ى فڕۆکه‌خانه‌کانى هه‌رێم.

شایانی باسه‌؛ له ‌دواى ڕووداوه‌کانى ١٦ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ به‌ فه‌رمانى عه‌بادی سه‌رجه‌م گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان له‌ هه‌ر دوو فڕۆکه‌خانه‌ى سلێمانى و هه‌ولێر ڕاگیران.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12408

Your Comment

You are replying to: .
captcha