تۆمارێكی نوێی ده‌نگده‌ران بۆ هه‌رێم دروست ده‌كرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- پرۆسه‌ی پاک كردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانی هه‌رێم له‌ ناوی دووباره‌ و مردوو ڕاده‌گیرێت و تۆمارێكی نوێ دروست ده‌كرێت و به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتیی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێمیش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: فۆرمی نوێی به‌شه‌خۆراكی هاووڵاتییان ده‌كرێته‌ بنه‌ما.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شۆڕش حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی په‌یوه‌ندییه‌كان و ڕاگه‌یاندن له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی له ‌هه‌رێم به‌‌ SNNی ڕاگه‌یاند: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاک كردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران له ‌ناوی دووباره ‌و مردوووان پڕۆسه‌یێكی زۆر زه‌حمه‌ت بوو، له‌ ئێستادا سه‌رقاڵی دروست كردنی تۆمارێكی نوێین بۆ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به ‌جۆرێک جیاواز بێت له ‌تۆماره‌كانی‌تر و تایبه‌تیش بێت به ‌هه‌رێمی كوردستان.

ناوبراو وتیشی: "دوایین نوێ‌كردنه‌وه‌ (ئه‌بده‌یت)ی فۆرمی به‌شه‌ خۆراكی مانگانه‌ی هاووڵاتییان ده‌كرێته‌ بنه‌ما بۆ ئه‌و تۆماره‌ نوێیه‌، له ‌ئێستاشدا چه‌ند قۆناغێكمان بڕیوه‌، له‌گه‌ڵ لایه‌نی په‌یوه‌ندیداریش گفتوگۆمان كردوووه‌، ئاواره‌ و كه‌سانی بیانی لێ ده‌رهێندراوه ‌و به‌ شێوه‌یێكی فه‌رمی مامه‌ڵه‌كانیان په‌سه‌ند كراوه‌ كه‌ دانیشتووی هه‌رێمی كوردستانن و ناوی مردوو و ناوی دووباره‌شی تێدا نییه‌".

شۆڕش حه‌سه‌ن جه‌ختیشی كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بوونایه‌ له‌سه‌ر پاک كردنه‌وه‌ی تۆماره‌كه‌ی پێشوو كارێكی زه‌حمه‌ت ده‌بوو هه‌رچه‌ند لیستی ناوه‌كانیشیان بۆ ڕه‌وانه‌ كرابوو به‌ڵام به‌راورد كردنیان پرۆسه‌یێكی قورس بوو و ئاشكراشی كرد: داتای پێویستمان له ‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندییداره‌كانه‌وه‌ پێ نه‌درا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12407

Your Comment

You are replying to: .
captcha