بەپێی هەواڵی کوردپرێس، موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی بژاردەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان لە دوای پەسند کردنی بودجەی عێراق، رایگەیاند: ئێمە لە بەغدا مامەڵە لەگەڵ بازرگانێکی نەوت دەکەین، کە ناوی عەبادییە، بە قەڵەم و وەرقە حیسابی کردووە ئەو بودجەیەی دایناوە بۆ هەرێمی کوردستان، بەقەد ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتەیە کە داوای دەکات بەکەمتر لە نرخی نێودەوڵەتیش.
موسەننا ئەمین، دەڵێ: "ئەگەر عەبادی قەرارە سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت پێویستە بەلایەوە گرنگ بێت کە لە کوردستاندا مووچە هەیە یان نییە، خانەنشینی هەیە یان نییە، مووچە تەواوە یان چارەگە مووچەیە، قوربانیانی رژێمی پێشوو، زیندان و ئەنفال ئەمانە دەرامەتیان هەیە یان نییە، پێداویستییەکانی خەڵکی ئێرە دابین بووە یان دابین نەبووە، لە کاتێکدا ئێمە رووبەڕووی ئەو پرسیارانەمان دەکردەوە، بێگومان بەلای ئەو ئەمە پرسێک نییە، دەیگوت ئەمە کێشەی هەرێم خۆیەتی، بێگومان راست دەکات ئێمە کێشەی قووڵی گەندەڵی و ناپاکی لیستی مووچە و ئەو شتانەمان هەیە لێرە، ئەو گەندەڵیانە لە هەولێر و لە بەغداش هەیە، بەڵام پێویستە بە دوور لە قووت و مووچە و داهاتی خەڵک چارەسەر بکرێت.
بە بڕوای سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، ئەو حکوومەتەی عێراق بەڕێوەدەبات قەیرانێکی قووڵی لە ناو عێراقدا دروست کرد، دابڕانێکی لە ناو نەتەوەی عێراقیشدا دروست کرد.
موسەننا ئەمین پێیوایە هیچ بیانوویێک نییە بۆ داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێم، ئەگەر بیانووشی هەبێت، ئەی چەندین ساڵە ئەم فڕۆکەخانانە کراوە بوونە، ئەمەم بە شەخسی پێگوتووە، با ئەم دوو مانگەش ناکۆکی هەر هەبێت و بەڵام کراوە بوونایە تاوەکو مەرجەکانت دەهاتەدی، بۆیە کێشەی ئێمە لەگەڵ حەیدەر عەبادی و ئەو حکوومەت و ئەو ئەقڵیەتەی عێراق بەڕێوەدەبات، ئەقڵیەتێکی ناوەندخوازە، باوەڕی ئەسڵەن بە بنەمای فیدراڵی بوونی عێراق نییە، ئەو باوەڕی بە دەوڵەتێکی مەرکەزی هەیە کە تێیدا هەموو دەسەڵاتەکان لەوێ قۆرخکراو بن، ئەو ئیرادەیەش لە بەغدا ئیرادەیێکی زۆر بەهێزە.
موسەننا ئەمین، هەر لەبارەی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەڵێ: "ئەم پیاوە بەو هەڵسوکەوتەی کە کردی بەناوی جێبەجێ کردنی دەستوور و یاسا، هات حرووماتی خەڵکی کوردستانی شکاند و بە دەبابە هات بەسەر لەشی پێشمەرگە".
موسەننا ئەمین، دەپرسێت: "کەی پێویست بەوە دەکات بۆ ئەوەی دەستوور جێبەجێ بکەی، بە دەبابە بەسەر لاشەی پێشمەرگەدا بڕۆی؟ کەی پێویست بەوە دەکات بۆ ئەوەی دەستوور جێبەجێ بکەت بێی سووکایەتی بە ئاڵای کوردستان بکەیت، کە تا ئەو ساتەی ئێمە قسەی تێدا دەکەین قەدەخەیە ئاڵای کوردستان لە کەرکووک بەرز بکرێتەوە، تەنانەت لەسەر بارەگای حیزبەکانیش".
سەرچاوە: ڕووداو
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment