ئاگربه‌ست به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر ناگرێته‌وه‌/ هاووڵاتییانی سڤیل له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی سوپای تورکیا نه‌کوژراون

به‌شی تورکیا- مه‌ولوود چاووش ئۆغڵۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا که‌ سه‌ردانی ئه‌ڵمانیای کردبوو له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێراندا ڕه‌خنه‌ی له‌ ئاگربه‌ستی ڕاگه‌یێندراو له‌ سووریا گرت و وتی: ئاگربه‌سته‌که‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر ناگرێته‌وه‌. ناوبراو هه‌روه‌ها ئیدعای کرد له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی سوپای تورکیا له‌ عه‌فرین ته‌نانه‌ت هاووڵاتییێکی سڤیلیش نه‌کوژراوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌ولوود چاووش ئۆغڵۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا که‌ سه‌ردانی ئه‌ڵمانیای کردبوو پاش دیدار له‌گه‌ڵ زیگمار گابریل هاوتا ئه‌ڵمانییه‌که‌ی له‌ پرێس کۆنفڕانسێکدا به‌شداری کرد و وڵامی پرسیاری هه‌واڵنێرانی دایه‌وه‌.

ناوبراو له‌ لێدوانه‌کانیدا له‌ باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دوو لایه‌نه‌کانی ئه‌ڵمانیا و تورکیا ده‌ڵێت: په‌یوه‌ندییه‌ ناوچه‌یییه‌کانی ئه‌ڵمانیا و تورکیا به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی باڵکان گرینگیی زۆری هه‌یه‌. ئێمه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا به‌ چاوی ڕکابه‌ر به‌ یه‌کدا ناڕوانین.

چاووش ئۆ‌غڵۆ له‌ باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین و ئاگربه‌ستی ڕاگه‌یێندراو له‌ سووریاش وتی: "بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوووه‌کان له‌مه‌ڕ ئاگربه‌ست به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵات کێشه‌یێک دێته‌ ئه‌ژمار. ئێمه‌ خوازیاری گه‌یشتن به‌ ئه‌نجام له‌ دانوستانی سووچی و به‌تایبه‌ت ژێنێڤین، بڕیاری ئاگربه‌ست به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر ناگرێته‌وه‌. ئێمه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵات له‌گه‌ڵ PKK و YPG شه‌ڕ ده‌که‌ین و PKKش له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ لیستی گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کاندایه‌. تا ئێستا هیچ هاووڵاتییێکی سڤیل نه‌کوژراوه‌. هه‌مووی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی که‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ بڵاو ده‌بنه‌وه‌ هه‌موویان بانگه‌شه‌ی نه‌رێنین. یه‌کپارچه‌یی و یه‌کڕیزیی سیاسیی سووریا زۆر گرینگه‌ و ئه‌ڵمانیاش له‌و باره‌وه‌ له‌گه‌ڵمان هاوده‌نگن."

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌که‌یدا ئاماژه‌ی دایه‌ زیادبوونی ڕێژه‌ی گه‌شتیاره‌ ئه‌ڵمانییه‌کان بۆ تورکیا و زیادی کرد: به‌ چاوخشاندن به‌ ئاماری ئه‌مساڵ ڕێژه‌ی گه‌شتیاره‌ ئه‌ڵمانییه‌کان بۆ تورکیا له‌سه‌دا 80 زیادی کردوووه‌. له‌ ساڵانی 2016 و 2017 به‌ هۆی کووده‌تا و هێرشه‌ تیرۆریستییه‌کان ڕێژه‌ی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ که‌ ئه‌ڵمانیاوه‌ هاتبوونه‌ تورکیا زۆر که‌م بوو به‌ڵام ئێستا تورکیا چوووه‌ته‌ سه‌رده‌می ئاسایی کردنه‌وه‌. له‌ سێبه‌ری ئه‌و ڕێوشوێنانه‌ی که‌ گیراوه‌ته‌به‌ر هه‌ڵمه‌ته‌ تیرۆریستییه‌کان له‌ تورکیا زۆر که‌م بۆته‌وه‌. ئه‌ڵمانیا ده‌بێ پێداچوونه‌وه‌ بکات له‌و هۆشدارانه‌ی که‌ له‌ ساڵانی ڕابردوو سه‌باره‌ت به‌ سه‌فه‌ر بۆ تورکیا به‌ هاووڵاتییانی ئه‌ڵمانی دابووی.

سه‌رچاوه‌: دۆغان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 12303

Your Comment

You are replying to: .
captcha