فرەئاینی، فرەکولتوری  و فرەرەگەزی لە عێراق سەرچاوەیەکی بە بەهایە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان-  پاپای ڤاتیکان لە کۆشکی سەرۆکایەتی عێراق وتارێکی پێشکەش کرد و وتی فرەئاینی و فرە کولتوری و فرە رەگەزی لە عێراق سەرچاوەیەکی بەبەهایە و دەبێت بیپارێزین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاپا لەمیانی وتارەکەیدا جەختی لەسەر پاراستنی برایەتی و یەکڕیزی گەلانی عێراق کردەوە و رایگەیاند پێویستە جیاوازییەکان بکەینە سەرچاوەی تێگەیشتن لەیەکتری و گەشەکردنی کۆمەڵگا.

پاپای ڤاتیکان وتیشی: "چەندین جار نوێژمان بۆ عێراق کردووە، ئەم وڵاتە گرنگی و بایەخی زۆری کولتوری و ئاینی هەیە و ئەمڕۆش من وەک نوێژخوێنێک هاتووم بۆ عێراق، پێویستە گوێ لە هاوڵاتیان بگیرێت و جیاوازییەکانی یەکتری قبووڵ بکەین، پێویستە بەرژەوەندییە تایبەتەکان بخەینە لاوە، بەسە توندوتیژی و یەکتر کوشتن".

پاپا دڵخۆشیی خۆی راگەیاند، بەوەی کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا عێراق کاری باشی بۆ بەهێز کردنی بنەماکانی دیموکراسی کردووە و پێویستە هەموو لایێک هاوکاربن لەپێناوی هەڵگرتنی هەنگاوی گەورەتر لەو ڕووەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، "سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانە دەکەم کە وەبەرهێنان لە عێراقدا دەکەن، هاوکاری ئاوارە و خەڵکی عێراق دەکەن و هەوڵی گەڕاندنەوەیان دەدەن بۆ نێو ماڵەکانیان".

پاپا روونیشی کردەوە: "چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتی بەتایبەتیش رێکخراوی کاسۆلیکی هاوکار بوون لە یارمەتیدانی گەلانی عێراق"، داواشی کرد ئەو وڵاتانەی دەستی هاوکارییان درێژکردوە بۆ عێراق دەبێت ئەو هاوکارییانەیان نەکشێنەوە.

پاپا وتیشی، "نابێت ئاین و خودا پەرستی بۆ مەبەستی تایبەتی و سیاسی بەکار بهێنرێت"، جەختیشی کردەوە کە کەنیسەکانی کاسۆلیکی لە عێراق و ناوچەکە هەمیشە دەستی هاوکاری و میانڕەوی و خزمەت کردن درێژ دەکات.

لە کۆتایشدا دوعا و پاڕانەوەی بۆ سەرکردە و سیاسییەکانی عێراق کرد و سوپاسی کردن بۆ ئەو پێشوازییە و داوای کرد خوای گەورە عێراق سەرکەوتوو بکات.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1225

Your Comment

You are replying to: .
captcha