فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌باره‌ی بودجه‌ی 2018 سێ پێشنیاز ده‌ده‌نه‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسی كورد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- عه‌ره‌فات که‌ره‌م سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕای‌گه‌یاند: "فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان سێ پێشنیازیان ئاراسته‌ی سه‌رکردایه‌تیی سیاسیی کوردستان کردوووه‌، له ‌نێویشیاندا کشانه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و به‌شداری نه‌کردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان دوو له‌و پێشنیازانه‌ن".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌ره‌فات که‌ره‌م به‌ کوردستان 24ی وت: "به‌غدا هه‌رێمی کوردستانی وه‌کوو هاوبه‌ش قبووڵ نییه‌ و ئێستا خه‌ڵکی کوردستان له‌ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی کوردستان تێده‌گات و ده‌زانێت مافی هه‌رێمی کوردستان بوووه‌ که‌ ڕیفراندۆمی ئه‌نجام داوه‌".

ڕۆژی 2018.03.03 به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ و بێ گوێدان به‌ داواكانی كورد پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2018 په‌سند کرا و فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کانیش کۆبوونه‌وه‌که‌یان بایکۆت کرد.

ھه‌ر په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته‌ ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان سوپاسی ھه‌ڵوێستی په‌رله‌مانتارانی كوردی كرد له‌ په‌رله‌مانی عێراق و ئاشكراشی كرد له‌ ڕۆژانی ئاینده‌دا بۆ یه‌ک ھه‌ڵوێستی له‌سه‌ر ئه‌م باسه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كۆ ده‌بینه‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 12224

Your Comment

You are replying to: .
captcha