بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئانجێلا ڕەشۆ هاوسەرۆکی ئەنجومەنی تەندرووستیی کانتۆنی عەفرین ئێوارە وەختی ڕۆژی یەکشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاند لەوەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگربەسی یەک مانگەی لە سووریا ڕاگەیاندووە تا ئێستا ٣٣ هاووڵاتیی سڤیڵ بریتی لە ١٧ پیاو و ١٦ ژن کە یەکێکیشیان منداڵ بووە بەهۆی هێرشی هێزەکانی تورکیا و سوپای ئازادی سووریا گیانی خۆیان لەدەست داووە و ٣٦ کەسیش بریتی لە ٢٩ پیاو و ٦ منداڵ و ژنێک بریندار بوونە کە ١٥ کەسیان تووشی لەدەستدانی ئەندام بوون.
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی تەندرووستیی عەفرین لەبارەی تێکڕای ئاماری خەسارە گیانییەکانی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوونی تورکیا لە کانتۆنی عەفرین وتی بە گشتی لە ٢٠ جانیڤێرییەوە تا ئێستا ٢١٦ هاوولاتیی سڤیڵ بریتی لە ١٥٩ پیاو، ٢٨ منداڵ و ٢٥ ژن کوژراون و ژمارەی بریندارەکانیش بە گشتی گەیشتۆتە ٦٢١ کەس.
بە گوێرەی وتەکانی ڕەشۆ هێرشەکەی تورکیا خەساری دەروونیشی لەسەر ژنان و منداڵان بووە و خەڵکی ئاسایی ناچار بوون گوندەکانی خۆیان چۆڵ بکەن و بەرەو گوندە ئەمنەکان هەڵبێن.
سەرجاوە: هاوارنیووز
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment