بەپێی هەواڵی هەواڵنێری نێردراوی کوردپرێس لە عەفرین زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کورد بەنیازە لە ڕۆژئاوای ڕووباری فورات بەرەیێکی نوێ بکاتەوە.
بەوتەی ژمارەیێک لە فەرماندە سەربازییەکانی یەپەگە کە نەیانویست ناویان بدرکێندرێت هێزی کورد ئەو پلانەی بە دەستەوەیە کە ئەگەر بێتوو مەترسیی کەوتنی عەفرین زیاد بکات کورد توانای سەربازیی خۆی بە یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزی سووریای دیموکراتیکەوە بەکار دەهێنێت لە عەفرین.
تا ئەم کاتە نزیکەی 10 لە سەدی خاکی عەفرین کەتۆتە ژێر دەست تورکیا ئەگەر هێزی تورکیا و هێزی سەر بەو سوپایە بتوانن حەوت ناوچەی (رەجۆ، جێندرس و بەلبەل، شرا، شیروا، مابتا و شی) ببەزێنن و بگەنە ئەو سارایەی دەگاتەوە عەفرین ئەگەری ئەوە هەیە کورد بەرەیێکی نوێی شەڕ بکاتەوە.
پێشتریش بەرپرسانی کوردی سووریا ناڕاستەوخۆ وتبوویان شەڕی عەفرین کاریگەریی دەبێت لە شەڕی دژ بە داعش لە سووریا.
ئەوەی لە ساحەکەدا دەبینرێت ئەوەیە کە بەشێک لە سەربازانی ژێر فەرمانی بەڕێوەبەرایەتیی کوردستانی سووریا نێردراونەتە عەفرین و ئەگەر بێتوو ئەو شەڕە بە قازانجی تورکیا بڕواتە پێشێ ئەگەری ئەوە هەیە کە کورد لە جرابلۆسەوە هێرش دەست پێبکات.
هێزی سووریای دیموکرات چەکی پێشکەوتووی ئەمریکیی پێیە و سوپایێکی 57 هەزار کەسییە کە دەتوانێت بەرپەرچی جدیی هێرشەکانی تورکیا بداتەوە بۆ سەر عەفرین.
لە لایێکی تریشەوە ئەمریکا وەکوو ئەندامێکی هەرەگرینگی ناتۆ لەو بڕیار کورد دەترسێت و هەڕەشەی ئەوەی کردوووە کە ئەگەر بێتوو هێرش بکەنە سەر تورکیا چیتر یارمەتییەکانی خۆی بۆ کورد دەوەستێنێت. بەوەشەوە ئەگەر ئاوڕ لە مێژووی بڕیارەکانی کورد بدرێتەوە ئەگەری هێرش کردنی کورد لەو بەرەیەوە زۆرە. عەفرین وەکوو پاشنەی ئاشیلی کورد وایە و بەرپرسانی کوردی سووریا باش دەزانن ئەگەر بێتوو عەفرین بکەوێت یاریی تورکیا بۆ شکست هێنان بە کورد بەردەوام دەبێت.
لە لایێکی تریشەوە کورد ئێستا سەرقاڵی دانووستانە لەگەڵ دەوڵەتی سووریا و ڕووسیا و ئەگەر ڕێککەوتن لەو بارەیەوە بکرێت ئەوا گۆڕانێک لە هێرشەکانی تورکیادا دەبینرێت ئەگەر ڕێککەوتنیش نەکرێت ئەوا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت.
Your Comment