نێچیرڤان بارزانی: دووباره‌بوونه‌ى هێرش له‌سه‌ر هێزى هاوپه‌يمان دژى به‌رژه‌وه‌ندييه‌کانى عێراقه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئیدانەی هێرش کردنەسەر بنکەی سەربازیی عەینولئەسەد دەکات و هۆشداری دەدات کە دووباره‌بوونه‌ى هێرش له‌سه‌ر هێزى هاوپه‌يمان دژى به‌رژه‌وه‌ندييه‌کانى عێراقه‌.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیێکدا بڵاوی دەکاتەوە: "زۆر به‌ توندى سه‌رکۆنه‌ى ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌کييه‌ ده‌که‌م که‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ هێزه‌کانى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى به‌ سه‌رکردايه‌تيى ئه‌مه‌ريکا له‌ بنکه‌ى عه‌ينولئه‌سه‌دى ئاسمانى له‌ پارێزگاى ئه‌نبار له‌ عێراق کرده‌ ئامانج و له‌ ئه‌نجامدا به‌ڵێنده‌رێک گيانى له‌ ده‌ست دا. سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ و که‌سوکارى قوربانييه‌که‌ ده‌که‌م، له‌م کاته‌ سه‌خته‌دا هاوسۆز و هاوخه‌ميانم".

دووباره‌بوونه‌ى به‌رده‌وامى په‌لاماردان و هێرش له‌سه‌ر هێزى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش که‌ له‌سه‌ر داواى حکوومه‌تى عێراقى فيدراڵ بۆ پشتگيرى و هاوکاري کردنى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر له‌ عێراقن، به‌ ته‌واوى دژى به‌رژه‌وه‌ندييه‌کانى عێراقه‌ و ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات و ئێستا و داهاتووى ده‌خاته‌ مه‌ترسييه‌کى ڕاسته‌قينه‌وه‌.

بێگومان عێراق له‌ دۆخى ئێستايدا هێشتا پێويستى به‌ به‌رده‌واميى هاوکارى و يارمه‌تيدانى ئه‌مه‌ريکا و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تييه بۆ ڕێگرى له‌ به‌هێزبوونه‌وه‌ى داعش و له‌ناوبردنى يه‌کجاره‌کيى ئه‌و ڕێکخراوه‌ تيرۆرستييه‌ى ڕۆژ به‌ ڕۆژ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌که‌ى زياتر ده‌بێت و کرده‌ سه‌ربازييه‌کان و جموجووڵه‌ تيرۆرستييه‌کانى فراونتر ده‌بن.

داوا له‌ حکوومه‌ت و په‌رله‌مان و هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌کان و پێکهاته‌ و گه‌لانى‌ عێراق ده‌که‌م به‌رامبه‌ر ئه‌م هێرش و په‌لامارانه‌ بێنه‌ ده‌نگ و ڕێگه‌ نه‌درێت له‌سه‌ر حيسابى به‌رژه‌وه‌ندييه‌کان و داهاتووى ئه‌وان، عێراق بکرێته‌ گۆڕه‌پانى پێکدادان و يه‌کلاکردنه‌وه‌ى ململانێکان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1207

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha