به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئارێز عه‌بدوڵڵا سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به SNNی ڕاگه‌یاند: "هه‌وڵ هه‌یه بۆ تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2018ی عێراق له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌ماندا به‌ڵام ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانمان جێبه‌جێ نه‌كرێت ئاماده نین ده‌نگ به‌و پڕۆژه‌یاسایه بده‌ین".
ناوبراو وتیشی: "لیژنه‌ی داراییی په‌رله‌مان پێشنیازێكی بۆ چاره‌سه‌ر كردنی پشكی كورد ئاماده كردوووه به‌ڵام تا ئێستا یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه و بڕیاری كۆتاییشی له‌باره‌وه نه‌دراوه".
ئارێز عه‌بدوڵڵا وتیشی: "ئه‌گه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا پڕۆژه‌یاسای بودجه به بێ داواكارییه‌كانمان تێپه‌ڕێندرێت و داواكارییه‌كانمان جێبه‌جێ نه‌كرێن ئه‌وا وه‌ک كورد هه‌موو ئه‌گه‌رێک له به‌رده‌مماندا كراوه ده‌بێت و ته‌نانه‌ت پرسی كشانه‌وه له پڕۆسه‌ی سیاسیی عیراقیش یه‌کێک ده‌بێت له ئه‌گه‌ره‌كان".
پێشتر عه‌ره‌فات كه‌ره‌م سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتیش له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ڕایگه‌یاندبوو له ئه‌گه‌ری په‌سه‌ند کردنی بودجه‌ی 2018ی عێراق به بێ له‌به‌رچاوگرتنی داواکارییه‌کانی کورد و به تایبه‌ت به‌رز کردنه‌وه‌ی شایستهداراییی هه‌رێمی کوردستان له بودجه حیزبه‌که‌ی له پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق ده‌کشێته‌وه.
شایانی باسه؛ بڕیار وایه ئه‌مڕۆ 1ی 3ی 2018 جارێكی دیكه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ گفتوگۆ كردن سه‌باره‌ت به پڕۆژه‌یاسای بودجه و تێپه‌ڕاندنی كۆ ببێته‌وه و پێشتریش به‌هۆی جێبه‌جێ نه‌كردنی داواكارییه‌كانی كورده‌وه كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان په‌ک خران.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment