ئەگەر هەیە ساڵح موسلیم لە فەنلاند نیشتەجێ ببێت

بەشی جیهان- ساڵح موسلم ڕای‌گەیاندووە مۆڵەتی ئەوەی هەیە لە وڵاتی فەنلاند نیشتەجێ ببێت بەڵام جارێک لەمبارەوە بڕیاری نەداوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ساڵح مولم هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە کە لە وڵاتی چێک لەلایەن ئینتێرپۆلەوە دەستگیر کرابوو ئەوڕۆ حوکمی ئازادیی بۆ دەرچوو و ئێستا ئازادە ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵێت.

بە گوێرەی نیۆیۆرک تایمز دادگای وڵاتی چێک بەڵگەی تورکیا بۆ دادگایی کردنی موسلیمی لە ئاستی پێویستدا نەزانیوە و موسلم ئازادە بەرەو کوێ دەڕوات بڕوات. بەڵام کاربەدەستانی تورکیا جەختیان لەوە کردۆتەوە دەست لەسەری هەڵناگرن و ناهێڵن ئازادانە لە ئەورووپادا بگەڕێت.

ساڵح موسلیم لەمبارەوە بە هەواڵنێرانی وتووە کە مۆڵەتی نیشتەجێ بوونی هەمیشەیی لە وڵاتی فەنلاندی هەیە کە یەکێکە لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا بەڵام هێشتاکە بڕیاری نەداوە ئاخۆ بەرەو کوێ دەڕوات.

موسلیم لەلایەن زانستگایێکی ولاتی چێکەوە کە زانستگایێکی ئەمریکایی هەژمار دەکرێت بانگهێشت کرابوو تا لە دانیشتنێکدا بەشداری بکات سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام هیچ بەرپرسێکی ئەمریکی تا ئێستا لەبارەی قۆڵبەست کرانی ساڵح موسلیمەوە هەڵوێستی نەنواندووە.

شاهۆز حەسەن هاوسەرۆکی ئێستای پەیەدە لەمبارەوە بە نیۆیۆرک تایمزی وتبوو زانستگاکە سەر بە زانستگای کالیفۆرنیای ئەمریکا بووە کە موسلیمی بانهێشت کردووە و کاربەدەستەکانیشی وێڕای دەربڕینی ئەسەف بەڵێنیان دابوو هەوڵی خۆیان بۆ ئازاد کردنی بدەن.

لەلایێکی دیکەشەوە کاربەدەستێکی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری چێک باسی لەوە کردووە هیچ هەڵوەستەیێکی سیاسی کاریگەریی لەسەر دەزگای دادی وڵاتەکەی نەبووە و دادگای چێک دادگایێکی سەربەخۆیە.

نیۆیۆرک تایمز وای نووسیوە دانیشتنەکە لە وڵاتی چێک و بە بەشداریی هۆڵەندا و سوێد و ئەمریکا بەڕێوە چووە و ڕەنگە ئەمە لە ئازاد کرانی ساڵح موسلیمدا کاریگەریی بووبێت.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 11994

Your Comment

You are replying to: .
captcha