پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووری که‌رکووک سه‌نگه‌ری نوێ لێده‌دات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هێزی پێشمه‌رگه‌ ڕوون‌کردنه‌وه‌ له‌باره‌ی چۆڵ كردنی به‌شێک له سه‌نگه‌ره‌كانی سنووری که‌رکووک له‌لایه‌ن هێزه‌كانی عێراق و دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌دات و فه‌رمانده‌یێكی پێشمه‌رگه‌ش ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئاشكرا ده‌كات و ڕاشی‌ده‌گه‌یێنێت: هێزه‌كانمان چه‌ند سه‌نگه‌رێكی نوێ و تۆكمه‌یان له‌ ده‌وروبه‌ری که‌رکووک لێداوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌قید حه‌كیم ساتی جێگری فه‌رمانده‌ی لیوای 2ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ SNNی ڕاگه‌یاند: "دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا هێزه‌كانی عێراق له ‌سنووری ناحیه‌ی شوانی سه‌ر به‌ پارێزگای که‌رکووک چه‌ند سه‌نگه‌رێكیان چۆڵ كرد، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش بۆ تۆكمه‌تر كردن و جێ قایم كردنی زیاتر چه‌ند سه‌نگه‌رێكی نوێ و گرنگیان له ‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ لێداوه‌".

ناوبراو وتیشی: دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی عێراق بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ چۆڵیان كردبوو، نه‌یاتوانیوه‌ وه‌ک ڕابردوو بێنه‌ پێشه‌وه‌ چوونكه‌ ئه‌و سه‌نگه‌رانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ لێدراوه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئه‌و ناوچانه‌ بۆیه‌ سه‌نگه‌ره‌كانمان بوووه‌ به‌ ئه‌مری واقیع و ناكشێینه‌وه‌.

عه‌قید حه‌كیم ساتی ئه‌وه‌شی وت: سه‌رباری گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌ عیراقییه‌كان هیچ کێشه‌یێک له‌ نێوانماندا ڕووی نه‌داوه‌ و هیچ په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگییێكیشمان له‌گه‌ڵ یه‌كتر نییه‌.

ناوبراو ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌شی ئاشكرا كرد و ڕای‌گه‌یاند: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وه‌زیری پیشمه‌رگه‌ به‌وه‌كاله‌ت ڕای‌گه‌یاندوووه‌ كه‌ نابێت هیچ فه‌رمانده‌یێكی پێشمه‌رگه‌ به ‌بێ ره‌زامه‌ندیی وه‌زاره‌ت له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عێراق یاخود هاوپه‌یمانان كۆ ببێته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11977

Your Comment

You are replying to: .
captcha