بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کوردەکانی سووریا پاش کۆنتڕۆڵ کردنی بەشێکی فراوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا یاسایێکیان دەرکردوووە کە بەپێی ئەو یاسایە هەموو پێکهاتەیێکی حکوومی دوو هاوسەرۆکی ژن و پیاوی دەبێت و ژنانیش مافی تەڵاقیان دەبێت.
ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: لە ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکانی سووریا مافی یەکسانی ژن و پیاو بە شێوازێکی جیددی جێبەجێ دەکرێت بەڵام جێبەجێ کرانی ئەو یاسایە لەو ناوچانەدا کە عەشیرەکان خاوەن دەسەڵاتی زیاترن کێشەی زۆری دروست کردوووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی نیۆیۆرک تایمز لە ناوچە خۆسەرەکاندا "یانەی ژنان" بۆ چارە کردنی کێشە و ناکۆکیی نێوان بنەماڵە ڕێکخراوە و ئەگەر ئەو ڕێکخراوەیە توانای چارە کردنی کێشەکەی نەبوو بابەتەکە دەچێتە دادگاوە.
شیلان شرمز بڕیاردەری ڕێکخراوی یانەی ژنان لە منبەج بە نیۆیۆرک تایمزی وت بابەتی فرە ژنی لەم ناوچەیەدا کۆتاییی پێهاتوووە و یەک پیاو ناتوانێت چەن ژنی هەبێت.
ناوبراو دەشڵێت لە بەر ئەوەی ژنان لە هەموو پێکهاتە و دام و دەزگایێکدا شان بە شانی پیاو خاوەن پۆست و ئەرکە پێدانی مافی ژنان ئاسانە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی نیۆیۆرک تایمز ئەو یاسایە لە بیرۆکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە سەری هەڵداوە و جگە لە کورد لە نێو بەشێک لە عەرەبەکانی ناوچەکەشدا جێبەجێ دەکرێت. بۆ نموونە لە مەنبەج سەرەڕای ئەوەی زۆرینە ئەندامانی ئەنجومەنی سەربازیی ئەو شارە عەرەبن بەڵام یاسای کورد بەڕێوە دەبەن و ژنان مافی تەڵاقیان بە دەستەوەیە.
هەڵبەت جێبەجێ کردنی ئەو یاسایەی کورد دایناوە لێکەوتەیشی بوووە. بەپێی یاساکە یانەی ژنان دەتوانێت کاتێک پیاو ژێنکی دیکەی هێنا زەواجی یەکەم هەڵوەشێنێتەوە و ژنی یەکەم لە پیاو جیا ببێتەوە و نیوەی دارایی و موڵکی پیاویش بۆ خۆی بەرێت.
بەو وتەی ژمارەیێک لە ئەندامانی یانەی ژنان جێبەجێ کردنی ئەو یاسایە لەو ناوچانەدا کە قەبیلەکان دەسەڵاتی زیاتریان هەیە کێشەی مەدەنی و کۆمەڵایەتیی زۆری لێکەوتۆتەوە و هەموو ڕۆژێک ئاژاوە و دەمەقڕەی زۆر لە نێو بنەماڵەکاندا دەبینرێت.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment