کوردپرێس- هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی و خێزانی جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچ­کردووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ، لە نامەیێکدا بۆ کۆسرەت رەسووڵ ، جێگری یەکەمی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە دەنووسێت، ئەنجام نەدانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بۆ بڕیاردان لە چەسپاندنی رۆژی کۆنگرە ، بۆتە مایەی نیگەرانیی خۆم و هەموو جەماوەری یەکێتی.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەنووسێت: "من دواجار وەک خوشکێک داوات لێدەکەم کە بە زووترین کات ئەو کۆبوونەوەیە ساز بکەیت بۆ ئەوەی جەماوەری یەکێتی لەم دڵەڕاوکێ و چاوەڕوانییە نەجاتی بێت کە ئەوەش بەتەنیا داواکاریی من نییە بەڵکوو هی هەموو ئۆرگان و مەکتەب و کادیر و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتییە".
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی هۆشداری دەداتە کۆسرەت رەسووڵ و دەنووسێت: "هیوادارم کە بەرپرسیارەتیی سەر شانی خۆت بە ئەمانەتەوە جێبەجێ بکەیت بۆ ئەوەی کە ناوت وەک هەڵوەرێنەری چەپکە گوڵەکەی مام و یەکێتی نەچێتە لاپەڕەکانی مێژوووەوە".
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وادەی بەستنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بۆ کۆسرەت رەسووڵ دادەنێت و دەنووسێت: "پێویستە تاوەکوو یەکشەممە 25-2-2018 کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئەنجام بدرێت و رۆژی بەستنی کۆنگرە بە فەرمی رابگەیەندرێت، ئەگەرنا رووبەڕووی بەرپرسیاریەتیی مێژوویی دەبنەوە". لەکۆتاییشدا نووسیویەتی: "چاوەڕوانی هەڵوێستی برایانە و یەکێتییانەتەم".
رێواز فایەق ، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نامەکەی بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە و لەبارەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی کە لە رۆژی یەکشەممە دەکرێت یان نا ، گوتی: "تاوەکوو ئێستا بۆ کۆبوونەوەی سەرکردایەتی ئاگادار نەکراوین و پێناچێت سبەی ئەو کۆبونەوەیە بکرێت".
Your Comment