هاتنى هێزى سووریا بۆ سنووره‌كانى عه‌فرین به‌رده‌وام ده‌بێت

بەشی سووریا- وه‌زیری به‌رگریی كانتۆنی عه‌فرین، رایگه‌یاند: هاتنی هێزه‌كانی سه‌ربه‌ حكوومه‌تی سووریا بۆ عه‌فرین هیچ كاریگه‌ریێكی ئه‌وتۆی له ‌سه‌ر دۆخی شه‌ڕ نه‌بووه‌ و فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا به‌رده‌وامن له‌ بۆردومان كردنی گوند و ناوچه‌كانی عه‌فرین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌هجه‌ت عه‌بد‌ۆ، له‌ لێدوانێكدا دەڵێت هاتنی هێزه‌ میلییه‌كانی سه‌ر به‌ حكوومه‌تی سووریا بۆ ناوچه‌ی عه‌فرین ماوه‌ی چوار رۆژه‌ به‌رده‌وامه‌ و به‌رده‌وامیش ده‌بێت.

به‌وته‌ى عه‌بدۆ، ئه‌و هێزانه‌ به ‌چه‌كی مامناوه‌ندی هاتوون و چه‌كی قورسیان پێ نییه‌ بۆ راگرتنی هێرشه‌ ئاسمانیه‌كانی توركیا، به‌پێی رێكه‌وتنی یه‌په‌گه‌ و سوپای سوریا ئه‌و هێزه‌ له‌ خاڵه‌كانی سنووری جێگیر ده‌كرێن بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی له‌شكركێشیی توركیا.

ناوبراو ئاماژه‌ به‌وه‌ش كرد هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامه‌ بۆ هێنانی چه‌كی قورس و قه‌ده‌غه ‌كردنی فڕینى ئاسمانی له‌ عه‌فرین ئەوەش له ‌لایه‌ن حكوومه‌تی سوریاوه‌ بۆ هێزی ئاسمانی سوپای توركیا.

ماوه‌ى 36رۆژه‌، له‌شكركێشیى سوپاى توركیا بۆسه‌ر عه‌فرین به‌رده‌وامه‌و به‌هۆیه‌وه‌ سه‌دان هاوڵاتى مه‌ده‌نى کوژران و بریندار بوون.

سەرچاوە: خەندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 11874

Your Comment

You are replying to: .
captcha