کوردپرێس- ڕه‌نگه ئێستا پشکی هه‌رێمی کوردستان له بودجه‌ی عێراق گه‌وره‌ترین داڵغه و نیگه‌رانیی خه‌ڵک و حیزبه سیاسییه‌کانی هه‌رێم بێت و به‌و مه‌به‌سته‌ش چاوی هیوایان بڕیوه‌ته چالاکی و داکۆکیی نوێنه‌ره‌کانیان له په‌رله‌مانی عێراق. که‌م کردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی هه‌رێمی کوردستان له پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق له 17 بۆ 12 له سه‌د به‌م دۆخه چه‌ق به‌ستوووه‌ی ئێستاکه‌ی هه‌رێمه‌وه بۆته موته‌که‌ی پڕۆسه‌ی سیاسی و کورد بۆ ده‌ربازبوون له‌و کێشه‌یه هیچ ڕێگایێکی بۆ نه‌ماوه‌ته‌وه جگه له‌وه‌ی حکوومه‌تی مه‌رکه‌زی و له هه‌موو گرینگتر سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ڕازی بکات به‌ڵام به وته‌ی ڕێزان شێخ دلێر گوایه حه‌یده‌ر عه‌بادی ته‌نازول بۆ کورد ناکات و سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو داواکانی حکوومه‌تی مه‌رکه‌زی بگه‌یێنێته ئه‌نجام و به وته‌ی ئه‌و نوێنه‌ره‌ی یه‌کێتی ئێستاش هه‌موو شتێک به قازانجی عه‌بادییه.
* کوردپرێس: هه‌وڵه‌کانی ئێوه وه‌کوو نوێنه‌ران و فراکسیۆنی کوردستانی له په‌رله‌مانی عێراق په‌یوه‌ند به پرسی پڕۆژه‌یاسای بودجه و پشکی هه‌رێمی کوردستان به کوێ گه‌یشت؟
- ڕێزان شێخ دلێر: تا ئێستا خوێندنه‌وه‌ی یه‌که‌م و دووهه‌م بۆ پڕۆژه‌یاساکه کراوه به‌ڵام کوتله کوردستانییه‌کان جارێکی تر له خوێندنه‌وه‌ی دووهه‌م نه‌چوونه ژووره‌وه چوونکه ئێمه دژ به‌و پڕۆژه‌یاسایه‌ین و داوامان کردوووه پڕۆژه‌که بگه‌ڕێته‌وه بۆ حکوومه‌ت چوونکه پڕۆژه‌یاسایێکی خراپه. له لایێکی تره‌وه له خوێندنه‌وه‌ی دووهه‌مدا داواکارییه‌کانی کوردمان ته‌قدیمی لیژنه‌ی داراییی په‌رله‌مان کردوووه و ته‌ئکیدمان کردۆته‌وه که ده‌بێت پشکی هه‌رێمی کوردستان له بودجه‌ی عێراق سه‌دا 17 بێت و بودجه سیادییه‌کان وه‌کوو جاران دابنرێته‌وه. ئه‌مانه هه‌موو باس کراوه ئێسته‌ش ماوه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی ده‌نگی له سه‌ر بکرێت. ئێمه به ته‌ئکید ده‌نگی له‌سه‌ر ناده‌ین هه‌روه‌هاش کوتله سوننه‌کانیش له‌گه‌ڵمانن. ئه‌وانیش داواکارییان هه‌بوووه که ده‌نگ له سه‌ر بودجه نه‌درێت. به‌ڵام دانیشتنێک ده‌کرێت له نێوان هه‌ر سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که (سه‌رۆکی په‌رله‌مان، سه‌رکۆمار و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران). ئێمه داواکارییه‌کانی خۆیشمان گه‌یاندۆته سه‌رۆک کۆمار. بڕیاره ئه‌و دانیشتنه بکرێت بۆ گۆڕینی پشکی هه‌رێمی کوردستان. ده‌بێ چاوه‌ڕوان بین بزانین کۆتاییی دانیشتنه‌که‌ی ئه‌وان چی به سه‌ر دێت.
* کوردپرێس: گرێی کوێره‌ی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له نێوان ئێوه و سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق چییه؟ ئه‌وان داوای چی ده‌که‌ن و چی‌یان مه‌به‌سته؟
- ڕێزان شێخ دلێر: له دوای 2003ه‌وه پشکی هه‌رێمی کوردستان سه‌دا 17 دانراوه. ئێستا ئه‌وان به بێ سه‌به‌ب به بێ ئه‌وه‌ی هیچ سه‌رژمێریێکی نوێ کرابێت و به بێ ئه‌وه‌ی بابه‌تێکی یاسایی هه‌بێت سه‌باره‌ت به ڕێژه‌ی دانیشتوانی هه‌رێمی کوردستان پشکی بودجه له سه‌دا 17ه‌وه هێناوه‌ته خواره‌وه بۆ سه‌دا 12 و بۆ لایه‌نی عێراقی ده‌ڵێت به پێی کۆبۆنی خۆراک ڕێژه‌ی هه‌رێم ئه‌وه‌نده‌یه ئه‌وه‌ش ڕاست نییه چوونکه ئه‌وه ڕێژه‌ی ته‌واوه‌تی نییه و سه‌رژمێری نه‌کراوه له به‌ر ئه‌وه‌ش قابلی قبووڵ نییه. ئه‌و ڕێژه‌یه زۆر زۆر که‌مه چوونکه بودجه‌ی عامی عێراق هاتۆته خواره‌وه واتا ئه‌و بودجه‌یه به‌شی هه‌رێمی کوردستان ناکات. هه‌روه‌هاش بابه‌تی بودجه سیادییه‌کان هه‌یه. له بودجه‌ی وه‌زاره‌ته سیادییه‌کانیشدا بودجه‌ی کورد که‌م کراوه‌ته‌وه. له لایێکی دیکه‌شه‌وه هه‌رێمی کوردستان ده‌بێ وه‌کوو هه‌رێم چاوی لێ بکرێت ئه‌وه‌ش له حاڵێکدایه به‌غدا به پارێزگای ناسیوه و دانی به سێ پارێزگا داناوه. هه‌ولێر و دهۆک و سلێمانی. واتا پارێزگای حه‌ڵه‌بجه‌ی له به‌رچاو نه‌گرتوووه.
* کوردپرێس: وه‌کوو فراکسیۆنه کوردستانییه‌کان له یه‌ک ڕۆژدا دوو دیدارتان له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق هه‌بوو ئایا ئه‌و دیدارانه هیچ ده‌سکه‌وتێکی بوو؟ عه‌بادی له‌و دانیشتنه‌دا پاساوه‌کانی چی بوو بۆ دابه‌زاندنی پشکی هه‌رێمی کوردستان له بودجه‌ی عێراق؟
- ڕێزان شێخ دلێر: پاساوه‌که ئه‌وه بوو که حکوومه‌تی عێراق له دۆخێکی خراپدایه و هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی دانیشتوان سه‌رژمێری نه‌کراوه به‌ڵام به‌پێی ئێحساییه ئه‌مه ڕێژه‌ی هه‌رێمی کوردستانه. جگه له‌وه‌ش هه‌رێمی کوردستان داهاتی وارده‌ی هه‌بوووه. ئێمه له 2014ه‌وه بودجه‌ی عێراقمان وه‌رنه‌گرتوووه له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان سه‌ربه‌خۆ نه‌وتی فرۆشتوووه و داهاتی سنووره‌کانی گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ خۆی له به‌ر ئه‌وه ئه‌گه‌ر ورد ببینه‌وه له ساڵانی ڕابردووش‌دا قه‌ت له سه‌دا 17 نه‌دراوه به هه‌رێمی کوردستان له به‌ر ئه‌وه هه‌ندێک بودجه وه‌کوو بودجه‌ی ده‌رمان که سیادیین ده‌بێ بدرێت ته‌نانه‌ت ئه‌و بودجانه‌شیان که‌م کردۆته‌وه.
* کوردپرێس: ئاماژه‌تان به لایه‌نی سوننه دا که ئه‌وانیش ناڕازیین. له‌م ڕۆژانه‌دا هه‌واڵگه‌لێک دژ به یه‌ک بڵاو ده‌بێته‌وه که گوایا سوننه گه‌شتۆنه‌ته ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی. له‌و باره‌یه‌وه چی ده‌ڵێن؟
- ڕێزان شێخ دلێر: ئه‌وانه ته‌نها قسه کردنه و ڕاست نییه. ئێمه دوێنێ دانیشتین و قسه‌مان له سه‌ر کرد. هه‌ندێک له بڕگه‌کانمان چاک کرد به‌تایبه‌ت بڕگه‌ی تایبه‌ت به ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی ناوچه‌که و له‌و باره‌یه‌وه گه‌شتۆنه‌ته ڕێککه‌وتن. ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ش ئه‌نجام درابێت مانای ئه‌وه ده‌بێت که له سوننه‌کان نزیک بۆته‌وه و له هه‌ندێک له پرسدا ته‌نازول ده‌کات به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هیچ ته‌نازولێک بۆ کورد ناکات ئه‌وه‌ش هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌یه ئێمه ڕاپرسیمان کردوووه و ده‌ویه‌وێت به هه‌ر شێوه‌یێک عقووبه‌ی هه‌رێمی کوردستان بدات.
* کوردپرێس: ئه‌گه‌ر لایه‌نی سوننه بچنه به‌ره‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادییه‌وه ئێوه وه‌کوو لایه‌نی کوردی ده‌توانن ڕێگر بن له په‌سه‌ند کرانی بودجه؟
- ڕێزان شێخ دلێر: نه‌خێر، ئێمه ناتوانین. چوونکه ڕێژه‌ی کورسییه‌کانه‌ی ئه‌وان زیاتره له ئێمه و به ته‌ئکید پڕۆژه‌که ده‌نگ ده‌هێنێت به‌ڵام گرینگ ئه‌وه‌یه ئێمه سوورین له سه‌ر داواکارییه‌کانمان و ده‌نگ ناده‌ین به‌و بودجه‌یه. ئه‌و بودجه‌یه‌ش بودجه‌یێکی خراپ و زه‌ره‌رمه‌نده بۆ گه‌لی کورد.
* کوردپرێس: ئێستا هه‌رێمی کوردستان به هۆی ڕووداوه‌کانی چه‌ند مانگی ڕابردوووه‌وه له قه‌یرانێکی هه‌مه‌لایه‌نه‌دایه. گریمان بودجه به هه‌مان ڕێژه‌ی 12 له سه‌د په‌سه‌ند کرا، چ کاریگه‌رییێکی له سه‌ر دۆخی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت؟
- ڕێزان شێخ دلێر: بارودۆخه‌که زۆر خراپه، چوونکه هه‌رێمی کوردستان به‌و ڕێژه‌یه‌وه تووشی کێشه‌ی جیدی تر ده‌بێت. ئه‌و ڕێژه‌یه به‌س مه‌فرووزاته و بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان ته‌قریبه‌ن 20 ملیارده ئه‌وه‌ش له کاتێکدایه 12 ملیارد بۆ هه‌رێمی له به‌رچاو گیراوه. دیاره ئه‌مه کێشه‌یێکی زۆر گه‌وره تووشی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات.
* کوردپرێس: هه‌رێم چ ده‌رچه‌یێکی هه‌یه بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه‌ی ئێستا؟
- ڕێزان شێخ دلێر: به‌داخه‌وه ده‌ره‌چه‌کان زۆر که‌من. ڕێگه‌چاره‌کان زۆر سه‌خت و قورسن. ته‌نها ئه‌وه‌یه هه‌رێمی کوردستان بتوانێت زیاتر خۆی نزیک بکاته‌وه و داهاته‌کان ڕاده‌ستی به‌غدا بکات. هه‌مووی ئه‌و کێشانه جگه له دانوستان به هیچی تر چاره‌سه‌ر ناکرێت.
* کوردپرێس: پرسی پێدانی مووچه به کوێ گه‌یشت؟
- ڕێزان شێخ دلێر: دیاره هه‌تا هه‌موو داهات و وارداتی هه‌رێمی کوردستان ته‌سلیمی به‌غدا نه‌کرێت، به‌غداش مووچه نادات. ده‌وڵه‌تی به‌غدا لیژنه‌ی دروست کردوووه بۆ تاوتوێ کردنی ژماره‌ی مووچه‌خۆران، ژماره‌ی مامۆستایان و ته‌ندروستی و چه‌ند وه‌زاره‌تێکی تر بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نسیقی ناوه‌کان بکات. به‌ڵام له به‌رانبه‌ردا به‌غدا ده‌بێت داهاتی ده‌ستکه‌وێت تا‌کوو مووچه بدات.
* کوردپرێس: به‌و ناشه‌فافییه‌ته‌ی له داهاتی نه‌وت و گومرکدا ده‌بینرێت پێتان وایه ئه‌و داهاتانه ڕاده‌ستی به‌غدا ده‌کرێت؟
- ڕێزان شێخ دلێر: ئێستا هه‌رێمی کوردستان وتوویه‌تی ئاماده‌ین هه‌مووی ئه‌و داهاتانه ڕاده‌ست بکه‌ینه‌وه. به‌ڵام له‌م دۆخه‌ی ئێستادا کێشه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه که هه‌ندێک کۆمپانیا و شه‌ریکاتێک هه‌ن که حکوومه‌تی هه‌رێم عه‌قدی له‌گه‌ڵ کردوون و ده‌بێت پاره‌یان بداتێ. حکوومه‌تی عێراقی ڕازی نییه به‌وه‌ی پاره‌ی ئه‌و شه‌ریکاتانه بدات که حکوومه‌تی هه‌رێم عه‌قدی له‌گه‌ڵ کردوون.
* کوردپرێس: واتا ئه‌گه‌ر داهاته‌کانیش ڕاده‌ستی به‌غدا بکرێن به‌غدا ئاماده نابێت قه‌رزه‌کانی هه‌رێم بداته‌وه؟
- ڕێزان شێخ دلێر: نه‌خێر، حکوومه‌تی عێراقی ئاماده نییه ئه‌و قه‌رزانه بدات.
* کوردپرێس: له‌م یه‌ک، دوو ڕۆژه‌ی دواییدا هه‌وڵێک درا بۆ دانیشتنی سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی عێراق، پێتان وایه داواکه‌تان بۆ دانیشتنی سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که جێبه‌جێ بکرێت؟
- ڕێزان شێخ دلێر: به‌ڵێ به ته‌ئکید ئێمه داوامان کردوووه و دانیشتنه‌که‌ش ده‌کرێت.
* کوردپرێس: ئه‌گه‌ر بودجه‌ی عێراق به هه‌مان پشکی 12 له سه‌دی هه‌رێم په‌سه‌ند بکرێت، بژارده‌ی کۆتاییی کورد چی ده‌بێت؟
- ڕێزان شێخ دلێر: ده‌بێت ئێمه جه‌خت له سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆمان بکه‌ینه‌وه ئێمه به هیچ شێوه‌یێک ده‌نگ به‌و بودجه‌یه ناده‌ین. دواتریش له مه‌حکه‌مه‌ی فیدڕاڵی ته‌عنی ده‌که‌ین. پێشتریش هه‌مان کارمان کردوووه. به‌ڵام بڕیاری مه‌حکه‌مه‌ی فیدڕاڵی به قازانجی ده‌وڵه‌ت ده‌بێت چوونکه ده‌ڵێت ده‌وڵه‌ت بودجه جێبه‌جێ ده‌کات و مادام ده‌وڵه‌ت یاسا جێبه‌جێ ده‌کات زیاتر له بابه‌ته‌که ئاگاداره. جاری پێشووتریش ئێمه ئه‌و ته‌عنه‌مان کرد و به ساڵحی حکوومه‌ت هاتۆته‌وه. کێشه‌که ئه‌وه‌یه دژایه‌تییه‌کان هیچ نه‌تیجه‌یێکی نابێت ته‌نها نه‌تیجه‌ی سیاسی ده‌بێت. ئێستا له هه‌ڵبژاردن نزیکین. حکوومه‌تی ئێستای عێراق ده‌یه‌وێت کورد به‌شدار نه‌بێت و له ناو هاوکێشه‌که بیکاته ده‌ره‌وه. ده‌بێت ئێستا کورد وه‌کوو یاسادانه‌ر له په‌رله‌مان زه‌ختی سیاسی بکات. ده‌بێ بزانین ئایا کورد به کۆی ده‌نگ ده‌توانێت له سه‌ر ئه‌و بابه‌ته کارێکی جیدی بکات یان خێر.
دیمانه: حه‌سه‌ن ساڵحی
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment