به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی کوردستاندا ئه‌و شانده‌ی له په‌رله‌مانه‌وه پێکهێنرابوو بۆ سه‌ردانی عه‌فرین ڕاپۆرتێکیان خوێنده‌وه و کۆمه‌ڵێک پێشنیاریان ئاراسته‌ی سه‌رۆکایه‌تیی په‌رله‌مان کرد.
ئه‌و شانده پێشنیار ده‌که‌ن له ڕێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و په‌یوه‌ندییه‌كانی په‌رله‌مان "سه‌ردان و كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ قونسووڵ و نوێنه‌ری وڵاتان له هه‌رێمی كوردستان و ئاگاداركردنه‌وه‌یان له‌وه‌ی دۆخی عه‌فرین چۆنه و پێشێلكاری و كاولكارییه‌كانی توركیا له چ ئاستێک و كام بواردا بوووه بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانیان بن و ڕۆڵیان هه‌بێت له‌سه‌ر وڵاته‌كانیان له كۆتایی هێنان به له‌شكركێشی توركیا بۆ نمونه چوارشه‌ممه 21/2/2018 له‌گه‌ڵ كونسووڵی ئه‌ڵمانیا كۆ بووینه‌وه و هه‌فته‌ی داهاتووش له‌گه‌ڵ كونسووڵهكانی ڕووسیا و فه‌ڕه‌نسا كۆ ده‌بینه‌وه."
هه‌روه‌ها ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌که‌ن "له چوارچێوه‌ی بڕیاری ژماره ٢٤ی ساڵی ٢٠١٤ی په‌رله‌مانی كوردستان كه له ٢ خاڵدا په‌سه‌ند کراوه، پێویسته هه‌رێم له هه‌موو ڕوویێکه‌وه هاوكاریی سووریا بكات، له‌و چوارچێوه‌دا، هه‌موو جۆره هاوكارییێک که بۆ عه‌فرین پێویسته، ماددی، مه‌عنه‌وی، ده‌رمان، خۆراک و پێداویستیی منداڵان دابین بکرێت".
ئه‌و شانده‌ی په‌رله‌مانی کوردستان که پێکهاتبوون له هه‌ریه‌ک له په‌رله‌مانتاران؛ عه‌لی هالۆ، د.شێركۆ حه‌مه‌ئه‌مین، عه‌باس فه‌تاح، سوهراب میكایل و ئه‌بو كاروان، له خاڵێکی دیکه پێشنیاری كردنه‌وه‌ی نوێنهرایهتییێکی فه‌رمیی عه‌فرین و كانتۆنه‌كان له پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانی بۆ عه‌فرین په‌یدا بكات.
هاوکات داوا ده‌که‌ن "عه‌فرین بكرێته خاڵی به‌ستنی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی بۆ دانانی ستراتێژیێكی نه‌ته‌وه‌ی هاوبه‌ش و دیبلۆماسیه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی و ڕێكخستنی ناو ماڵی كورد زۆر پێویسته."
هه‌روه‌ها ده‌ڵێن "كارئاسانی ته‌واو له ده‌روازه‌ی سمێڵكا بكرێت و هه‌ر كێشهیێک له بواری هاتوچۆدا هه‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت، سه‌ره‌ڕای ماندوو بوونی زۆریان سوپاسی هه‌ر دوو لایه‌ن ده‌كه‌ین كه له‌م قۆناغه‌دا هاوكارن."
به‌شێکی دیکه‌ی پێشنیاره‌کانی شانده‌که‌ی عه‌فرین له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستانه که تێیدا داوا ده‌کرێت سه‌ردانی په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا و وڵاتانی ئه‌ورووپا و ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بکرێت "بۆ ئه‌وه‌ی پشتیوانی عه‌فرین بن و كۆمه‌كی خه‌ڵكه‌كه‌ی بكه‌ن و له ڕوودانی كاره‌ساتی مرۆیی ڕێگه بگرن."
سه‌رچاوه: خه‌ندان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment