به‌غدا به‌نیازه‌ ده‌ست به‌ سه‌ر گه‌وره‌ترین کێڵگه‌ی نه‌وتی ژێر کۆنتڕۆڵی کورددا بگرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستانی هۆشداری دا که‌ ده‌وڵه‌تی عێراق به‌نیازه‌ کۆنتڕۆڵی دووباره‌ی کێڵگه‌ی نه‌وتی خورمه‌ڵه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت و له‌ ئه‌گه‌ری ده‌سته‌به‌ربوونی ئه‌و ویسته‌ی به‌غدا، هه‌رێمی کوردستان تێکڕای کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کان له‌ ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان له‌ ده‌ست ده‌دات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح له‌ كۆنگره‌یێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌/ 21ی فێبریوێری وتیشی: به‌پێی ئه‌و پێوشوێنگرییانه‌ که‌ ئه‌نجام دراون ده‌وڵه‌تی عێراق به‌نیازه‌ کێڵگه‌ی نه‌وتی خورمه‌ڵه‌ له‌ نزیکی که‌رکووک -که‌ گه‌وره‌ترین کێڵگه‌ی نه‌وتی ژێر کۆنتڕۆڵی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دێته‌ ئه‌ژمار- کۆنتڕۆڵ بکاته‌وه‌ و له‌و ڕێگایه‌شه‌وه‌ ڕێژه‌ی هه‌نارده‌ کردنی نه‌وتی که‌رکووک زیاد بکاته‌وه‌.

ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی عێراق کۆنتڕۆڵی ئه‌و کێڵگه‌ نه‌وتییه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان تێکڕای کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانی خۆی له‌ ناوچه‌ کوردستانییه‌کانی به‌ده‌ر له‌ سنووره‌کانی هه‌رێم له‌ ده‌ست ده‌دات.

به ‌وته‌ی عه‌لی حه‌مه‌ساڵح به‌غدا به‌نیازه‌ کێڵگه‌کانی هاڤانا و بای حه‌سه‌ن و خورمه‌ڵه‌ بکاته‌ یه‌ک کێڵگه‌ی گه‌وره‌ و له ‌داهاتووش ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتیان بگه‌یێنێته‌ ملیۆنێک بۆ ملیۆنێک و ٥٠٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ ڕۆژێكدا.

ناوبراو ده‌شڵێت: ئه‌گه‌ر خورمه‌ڵه‌ بکه‌وێته‌ ده‌ست حكوومه‌تی ناوه‌ند، ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ ٢٦٢ هه‌زار به‌رمیل ده‌بێته‌ که‌متر له‌ 160 هه‌زار به‌رمیل له‌ ڕۆژێكدا ئه‌مه‌ش خاڵێكی مه‌ترسیداره‌ چوونکه‌ ناوچه‌ کوردستانیه‌کان به ‌ئابووریشه‌وه‌ ده‌که‌وێته‌ ده‌ستی به‌غدا له‌و حاڵه‌ته‌شدا ناتوانرێت به‌ سیسته‌می پاشه‌که‌وتیش سێ مانگ جارێک مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدرێت."

ناوبراو پێشبینیشی کرد که‌ مومکینه‌ هه‌ولێر به‌ مه‌رجێک که‌ کۆمپانیای نه‌وتیی کار (سه‌ر به‌ پارتی دیموکراتی کوردستان) ده‌رهێنان و هه‌نارده‌ کردنی نه‌وتی کێڵگه‌ی خورمه‌ڵه‌ له‌ ده‌ستیدا بێت ڕه‌زامه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ ڕاده‌ست کردنی ئه‌و کێڵگه‌ نه‌وتییه‌ به‌ به‌غدا ده‌رببڕێت.

شایانی باسه‌؛ له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوو كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی که‌رکووک كه‌وتنه‌ ده‌ست هێزه‌ عێراقییه‌كان و پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ كشانه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11778

Your Comment

You are replying to: .
captcha