خۆپیشاندانی سەرتاسەریی مامۆستایان ڕاگەیەنرا/ مامۆستایانی ناڕازی بەیاننامەیێكی 5 خاڵییان بڵاو كردەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مامۆستایانی ناڕازیی (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، دەڤەری راپەڕین، شارەزوور، چەمچەماڵ، بازیان و تەكیە) بەیاننامەیێكی هاوبەش بڵاو دەكەنەوە و ڕایدەگەیەنن، كە تا مووچەی تەواو و بێ‌ پاشەكەوت بایكۆت بەردەوامە و ئاشكراشی دەكەن، كە ڕۆژی یەك شەممە خۆپیشاندانە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس مامۆستایانی ناڕازی لە بەیاننامە هاوبەشەكەدا، ئاماژەیان بەوە كردوووە، لیژنەیێكی هاوبەش لە مامۆستایان لەسەرجەم ناوچە جیاوازەكان دەچێتە بەغدا و دەشڵێن: "داوا لە سەرجەم مامۆستایان و زانایانی ئایینی و كەس و كاری خوێندكاران و سەرجەم چین و توێژەكان دەكەین بەشدار بن لەگەڵمان بۆ بەدەست هێنان و گەڕاندنەوەی مافە زەوت­كراوەكانمان".

دەقی بەیاننامەكە:

مامۆستایان فەمانبەران هاووڵاتییانی بەڕێز

لەگەڵ بەردەوامی قەیرانەكان و خراپیی دۆخی ئابووریی مامۆستایان، بەردەوام بوون لە چالاكی و خەباتی مەدەنی، ئەمڕۆش لە هەنگاوێكی نوێدا لە كۆبوونەوەیێكی فراواندا لەگەڵ نوێنەری سەرجەم ناوچە جیاوازەكان، دوای گفتوگۆیێكی گرنگ و چڕ ئەم خاڵانەمان لە لا گەڵاڵە بوو:

1. پشتیوانیی هەڵوێستی خۆڕسكانەی مامۆستایان دەكەین لە نەچوونەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن.

2. مامۆستایان و خوێندكاران قوربانیی دەسەڵاتێكی ستەمكارن، بۆیە داواكارین لە كەس­وكاری قوتابیان هاوهەڵوێست بن پشتیوانیمان بكەن لە پێناو نەفەوتانی ساڵێكی خوێندنی رۆڵەكانتان.

3. جەخت دەكەین لە بەردەوامیی هەڵوێستەكانمان تا وەرگرتنی مووچەی تەواو بەبێ پاشەكەوت و لە كاتی خۆیدا.

4. داوا لەسەرجەم هێزە سیاسییەكان دەكەین هەڵوێستی ڕوون و ئاشكرایان هەبێت سەبارەت بە داخوازیی مامۆستایان و داواكاریی سەرجەم فەرمانبەران و چین و توێژەكان، ئەگینا بە پێچەوانەوە هەڵبژاردنی داهاتوو دەكەینە وێستگەی تۆڵە كردنەوە و سزادانی ئەو حیزبانەی، كە دژی داواكارییەكانمانن.

5. لە داهاتوویێكی نزیكدا لیژنەیێكی هاوبەش لە مامۆستایان لەسەرجەم ناوچە جیاوازەكان دەچێتە بەغدا بۆ هەمان مەبەست.

لێرەوە جارێكی دیكە داوا لە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ دەكەین بە زووترین كات مووچەی مامۆستایان و سەرجەم فەرمانبەران بنێرێت.

لە كۆتاییدا پشتیوانیی مامۆستایانی بادینان و هەولێر و دەوروبەری دەكەین كە هەڵوێستی مەردانەیان نواند و لێرەشەوە ڕای­دەگەیەنین، كە رۆژی یەك شەممە 25-2-2018 خۆپیشاندانی بەرفراوانی مامۆستایان دەكەین، بۆیە داوا لە سەرجەم مامۆستایان و زانایانی ئایینی و كەس­وكاری خوێندكاران و سەرجەم چین و توێژەكان دەكەین بەشداربن لەگەڵمان بۆ بەدەست­هێنان و گەڕاندنەوەی مافە زەوت­كراوەكانمان.

News Code 11761

Your Comment

You are replying to: .
captcha