کوردپرێس- بەپێی سەرچاوە دیبلۆماسییەكانی فەرەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن بەم نزیكانە سەردانی عێراق دەكات، كە لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ سەردانەكەی، بەبێ ئەوەی وادەكەی دیاری كرابێت.
هەر بەپێی سەرچاوەكان، سەرۆكی فەرەنسا لەمیانی سەردانەكەی بۆ عێراق لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و هەولێر كۆ دەبێتەوە، ئەوەش بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوانیان، كە چەند ساڵێكە بەردەوامە.
سەرچاوەكان ئاشكراشیان كردوووە، كە سەرۆكی فەرەنسا، ئەو هەوڵانەی چڕ دەكاتەوە، كە ماوەیێكە دەیدات بۆ چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغدا و ئامانجی سەرەكیی سەردانەكەی بۆ عێراقیش ئەو مەبەستەیە.
ئیمانوێل ماكرۆن چەند مانگێكە هەوڵی چارەسەری كێشەكانی هەولێر و بەغدا دەدات و بۆ ئەوەش حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی بانگێشتی پاریس كرد و بۆ ئەو مەبەستە بەجیا كۆبوونەوەیان كرد.
ماوەی رابردووش جان لۆدریانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا سەردانی عێراقی كرد و لەبەغدا و هەولێر چەند كۆبوونەوەیێكی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان کردبوو و داوای چارەسەری كێشەكانی نێوانیانی كرد.
Your Comment