بەپێی هەواڵی کوردپرێس بارام قاسمی لەو کاردانەوەیەدا گوتوویەتی: لە یەک ساڵی ڕابردوودا ئەمریکا کارشکێنی و چەواشەکاریی زۆری کردوووە بۆ ئەوەی ئێران بەهرەمەند نەبێت لە ڕێککەوتنی بەرجام، ئەو لێدوانەی ڕاوێژکارەکەی کۆشکی سپییش درێژەی هەمان سیاسەتی فەشەلی دژە ئێرانییە.
ناوبراو درێژەی پێدا: شکستەکانی ئەمریکا بە تایبەت لەم چەند مانگەی دواییدا وای لە ئەمریکا کرد زیاتر لە پێشوو بێشەرم بێت و بە ئاشکرا دەست بداتە کارشکێنی و چەواشەکاری و جێبەجێ نەکردنی پەیمان و بەڵێنی نێودەوڵەتی.
قاسمی زیادی کرد: ئەمریکا بەردەوام هەوڵی داوە ڕێگر بێت لە بەهرەی ئابووریی ئێران لە دەقی بەرجام و ترسی خستۆتە بەر دیکەی وڵاتان بۆ ئەوەی لە باری ئابوورییەوە سەرمایەدانەری بکەن لە ئێران.
قاسمی لە کۆتاییدا جەختیشی کردەوە: ئێمە ئەو لێدوانە وەکوو هەڕەشە دژ بە دیکەی وڵاتان هەڵدەسەنگێنین و دەڵێین ئەو هەڵوێستانە نەک هەر دژ بە ڕێککەوتنی بەرجامە بەڵکوو پێشێل کردنی پەیڕەوی نێودەوڵەتیش هەژمار دەکرێت.
شیاوی ئاماژەیە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی لە کۆنگرەی مۆنیخدا داوای لە وڵاتانی جیهان کردبوو لە ئێران سەرمایەدانەری نەکەن.
Your Comment