عادڵ نووری: پێویستە سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەسەر بودجە كۆ ببنەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، پێویستە سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە كۆ ببنەوە، دەشڵێت پێویستە سەرەڕای پرسی بودجەی ئەمساڵ، چەندین پرسی دیكەی تایبەت بە بودجەی ساڵانی پێشووش تاوتوێ‌ بكەن.

کوردپرێس- عادڵ نووری، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە خەندان-ی ڕاگەیاند: "حكوومەتی عێراق سیاسەتی شكست و دۆڕانی كورد بەكار دەهێنێت، كوردیش هیچ فشارێكی لە بەردەست نییە تا پێش بەو كارانە بگرێت كە بەرامبەر خەڵكی كوردستان ئەنجام دەدرێت، لای ئەوانە هەركەسێك شتێكی زیادە بەرامبەر كورد بكات براوەیە".

ناوبراو وتیشی: "پێویستە سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە كۆ ببنەوە، لە ئێستادا دەنگۆیێك هەیە كە هاتبن بەدەم داواكارییەكە و كات بۆ كۆبوونەوەكە دابنێن".

بە وتەی ئەو ئەندامەی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، "پرسێكی گرنگی وەك بودجە دەبێت سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عیراق بەكۆبوونەوە بهێنێت، كە بودجە و مووچەی دەوڵەت و حكومڕانیی ئیداری و دارایی تێدا دیاری كراوە، پێویستیشە وەك دوا پرسی ئەم خولەی پەڕلەمان سەرۆك كۆماری عێراق ڕۆڵی خۆی بگێڕێت".

دەربارەی گرفتی فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەڕلەمانی عیراق، عادل نووری روونی کردەوە: " قسە لەگەڵ 50 پەرلەمانتاری شیعە كراوە، ئەوانیش لێكتێگەشتنیان بۆ گرفتی كورد لە پڕۆژە یاسای بودجە هەبوووە و سوننەكانیش لەپاڵ كێشەكانی كورد، تێبینییان لەسەر بەشێك لە خاڵەكانی پڕۆژە یاساكە هەیە، پێم وایە بەبێ‌ لێكتێگەشتنی نێوانمان پرۆژە یاسای بودجە تێناپەڕێت".

ئەو ئەندامەی پەڕلەمان گوتیشی: "حەیدەر عەبادی ویست و ئیرادەی نییە بۆ ناردنی مووچە و یاری بە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەگینا دەبوو وەك نیازپاكی مووچەی مانگێكی فەرمانبەرانی بناردایە، ئەگەرچی لە ئێستادا عیراق بۆ خۆی رۆژانە زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و لە بودجەدا بە 42 دۆلار خەمڵاندوویەتی، لە كاتێكدایە نرخی نەوت لە سەرووی 70 دۆلارەوەیە."

News Code 11672

Your Comment

You are replying to: .
captcha