کوێت و ئه‌ورووپا 2 ملیار و 400 ملیۆن دۆلاریان پێشکه‌شی عێراق کرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ڕۆژی ڕابردوو دووهه‌م ڕۆژی کۆنفڕانسی بونیاتنانه‌وه‌ی عێراق له ‌کوێت به‌ڕێوه‌ چوو که‌ له‌لایه‌ن کوێت و عێراق، یه‌کێتیی ئه‌ورووپا، نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان و بانکی جیھانییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت و کوێت و ئه‌ورووپا 2 ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلاریان به‌ عێراق به‌خشی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ دووهه‌م ڕۆژی کۆنفڕانسه‌که‌دا شێخ ئه‌حمه‌د ئه‌ل سه‌باح ئه‌میری کوێتی میوانداری کۆنفڕانسه‌که‌ ڕای‌گه‌یاند: وڵاته‌که‌ی بڕی 2 ملیار دۆلار وه‌ک ھاریکاری پێشکه‌شی عێراق ده‌کات.

شێخ ئه‌حمه‌د ستایشی خۆڕاگریی گه‌لانی عێراقی کرد له‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی داعشدا و ڕای‌گه‌یاند: "خۆراگریی عێراقییه‌کان و حکوومه‌تی عێراق شایه‌نی خه‌ڵات کردنه‌. ھاوکات بڕی یه‌ک ملیار دۆلاری وه‌ک قه‌رز له ‌ڕێگای ده‌زگای پیتاکی کوه‌یت له‌ چوارچێوه‌ی گه‌شه ‌کردنی ئابووری عه‌ره‌بی به‌خشیه‌ عێراق جگه‌ له‌ پێدانی یه‌ک ملیار دۆلاری دیکه‌ وه‌ک ھاریکاری بۆ بونیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری عێراق."

سه‌باره‌ت به‌ یارمه‌تییه‌ داراییه‌کانی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا، فێدریکا مۆگرێنی سه‌رۆکی گشتیی په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌کییه‌کانی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا پێدانی بڕی ٤٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ بونیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری عێراق ئاشکرا کرد.

مۆگرینی له‌ میانه‌ی وته‌کانیدا له‌ کۆنفراسه‌که‌، وێڕای ئاشکرا کردنی بڕی ته‌رخان‌کراوی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا بۆ عێراق وتی: "داھاتوویێکی باشتر چاوه‌ڕێی عێراقییه‌کان ده‌کات."

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان به‌غدا-ھه‌ولێر وتیشی: "ده‌بێت کار له‌سه‌ر باشترکردنی په‌یوه‌ندییه‌کانی ھه‌ولێر و به‌غدا بکه‌ین".

شایانی باسه‌؛ كۆنگره‌ی دووباره‌ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی عێراق تاکوو ١٤ی فێبریوێری ئه‌م مانگه‌ له‌ وڵاتی كوێت به‌ڕێوه‌ چوو. له‌ كۆنگره‌كه‌دا ١٢٣ ئه‌ندام و نزیكه‌ی ٧٠ وڵاتی جیهان به‌شدار بوون و زیاتر له‌ ٣٢٠٠ كۆمپانیای وڵاتانیش به‌شدارییان کرد.

شاندێكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تیی كوێت بۆ دووباره‌ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ به‌شدار بوو كه‌ پێكهاتوووه‌ له‌ وه‌زیری پلاندانان، وه‌زیری ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ و هه‌ر یه‌ک له‌ پارێزگاره‌كانی دهۆک و هه‌ولێر و سلێمانی و له‌ كۆنگره‌كه‌یشدا له‌ ٢١٢ پڕۆژه‌، ٨٠ پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان بۆ كوردستان پێشكه‌ش کران.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11591

Your Comment

You are replying to: .
captcha