با شەڕی نێوان تورکیا و کورد ڕاوەستێت

بەشی جیهان- پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی نوێی هەدەپە دەڵێت تورکیا دەبێ دەسکەوتی کوردی سووریا قبووڵ بکات و واز لە شەڕی عەفرین بهێنێت و داواش دەکات حکوومەتی تورکیا و کوردەکان هەنگاو بەرەو ئاشتی بنێن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەروین بوڵدان هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتیکی گەلان کە لە کۆنگرەی پارتەکەی بۆ ئەم پۆستە هەڵبژێردرا داوای لە حکوومەتی تورکیا کرد شەڕی دژ بە کورد لە تورکیا و سووریاش بوەستێنێت.

بوڵدان دەسبەجێ پاش هەڵبژێردران وەکوو هاوسەرۆکی هەدەپە لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە تۆمەتی تیرۆریستیی خراوەتە پاڵ لە گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆیتێرز دەڵێت: تورکیا دەبێ کۆنترۆڵی کوردی سووریا لەسەر هەندێک ناوچەی باکووری ئەو وڵاتە بە درێژایی سنوورەکانی تورکیا قبووڵ بکات و واز لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە عەفرین بهێنێت و ناکۆکییەکانی لەگەڵ کوردی سووریا بە گفتوگۆ چارەسەر بکات.

هەروەها وتیشی: تورکیا دەبێ دان بە دەسکەوتەکانی کوردی سووریا بنێت و هەوڵ بدات لە ڕێگای دیالۆگەوە قەرانەکان تێپەڕێنێت.

بوڵدان سەبارەت بە ستراتێژیی تورکیا هەمبەر کوردەکان دەری‌بڕی: حکوومەتی تورکیا نەک هەر لە ناوخۆی وڵات بەڵکوو لە هەموو شوێنێکی دیکەش دژ بە کوردە. دەستێوەردانی تورکیا لە ژیانی کوردی سووریا کە ئێستا بە ئارامی لەگەڵ دیکەی پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە دەژین جێگای قبووڵ کردن نییە.

هاوسەرۆکی نوێی هەدەپە داوای کرد ڕەوتی ئاشتی دیسانەوە دەست پێبکرێتەوە و وتیشی ڕەوتی ئاشتی خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی تورکیا بووە.

هەر لەمبارەوە بوڵدان باسی لەوەش کرد: ولاتی تورکیا لە ماوەی سێ ساڵەی دانووستانەکانی ئاشتی لە ئارامی و هیوادا بوو. ڕەوتی ئاشتی هیوای گەڕاندەوە بۆ تورکیا و ئێمەش دەبێ ئەو هیوایە ببووژێنینەوە. تەنیا ئامانجی ئێمە کۆتایی هێنان بە کوشتارە.

لە کۆتاییشدا ڕای‌گەیاند: من سەرەڕای چالاکیی سیاسی هەمیشە بۆ کۆتایی هێنان بە کوشتار و ئێش و ئازار هەوڵم داوە. نابێ هیچ دایکێک تەرمی هاوسەر و کوڕەکانی لە کفندا ببینێت. ئەمەش هەم باشووری ڕۆژهەڵات و هەم بۆ باشووری ڕۆژئاوای تورکیا دەگرێتەوە و هیچ جیاوازییێکی لای ئێمە نییە.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 11584

Your Comment

You are replying to: .
captcha