شنگال له‌ پلانی دووباره‌ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی عێراقدا نییه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- قایمقامی پێشووی شنگال ده‌ڵێت: هه‌ر به‌وه‌ی كه‌ شنگال وه‌ک شارێكی وێران‌كراو له‌ پلانی دووباره‌ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی عێراقدا نییه‌ ڕوونه‌ كه‌ حكوومه‌تی عێراق به‌ هه‌موو شێوه‌یێک دژایه‌تیی خه‌ڵكی شنگال ده‌كات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مه‌حما خه‌لیل قایمقامی پێشووی شنگال بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "دنیا هه‌موو شایه‌تیی ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ شنگال شارێكی وێران‌كراوه‌. ئێمه‌ زیاتر له‌ ٥٣ سه‌عاتی ئه‌ندازیاری له‌سه‌ر شنگال كارمان كردوووه‌ و هه‌موو داتا و زانیارییه‌كانی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی شنگال له‌ به‌رده‌ستمانن و مه‌هدی عه‌لاق سكرتێری گشتیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق، سندووقی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ و حكوومه‌تی خۆجێییی شاری مووسڵ و حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ ئاگادارن به‌وه‌ی كه‌ شنگال پێویستی به‌ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌وان له‌به‌ر كوردستانی بوونی شنگال نه‌یانخسته‌ نێو پڕۆژه‌ی دووباره‌ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی عێراق."

قایمقامی شنگال هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یشی نه‌شارده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی عێراق خه‌می شنگالی نییه‌ و ده‌ڵێ: ڕۆژی 11ی فێبریوێری حه‌یده‌ر عه‌بادی پێشوازی له‌ سه‌رۆكی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی مووسڵ كرد و باسی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی به‌عاج و ته‌له‌عفه‌ر و چه‌ندین جێگای دیكه‌ كرا به‌ڵام به‌ هیچ شێوه‌یێک باسی شنگال نه‌كراوه‌، له‌ كاتێكدا هه‌موو دنیا ده‌زانێت به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان شنگال شارێكی وێران‌كراوه.

له‌ ٢٨ی ئه‌یپڕێڵی ساڵی ٢٠١٦ له‌ دانیشتنێكی په‌رله‌مانی عێراقدا شنگال به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران وه‌ک شارێكی وێران‌كراو ناسێنرا و قایمقامی شنگالیش ئاماژه‌ی دا بۆ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی شنگال، پێویستیان به‌ ٧ ملیار دۆلاره‌.

شایانی باسه‌؛ بڕیاره‌ تاکوو ١٤ی فێبریوێری ئه‌م مانگه‌ كۆنگره‌ی دووباره‌ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی عێراق له‌ وڵاتی كوێت به‌ڕێوه‌ بچێت. له‌ كۆنگره‌كه‌دا ١٢٣ ئه‌ندام و نزیكه‌ی ٧٠ وڵاتی جیهان به‌شدار ده‌بن و زیاتر له‌ ٣٢٠٠ كۆمپانیای وڵاتانیش به‌شداری ده‌كه‌ن. شاندێكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تیی كوێت بۆ دووباره‌ ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ به‌شدار ده‌بێت كه‌ پێكهاتوووه‌ له‌ وه‌زیری پلاندانان، وه‌زیری ئاوادان كردنه‌وه‌ و هه‌ر یه‌ک له‌ پارێزگاره‌كانی دهۆک و هه‌ولێر و سلێمانی. له‌ كۆنگره‌كه‌یشدا له‌ ٢١٢ پڕۆژه‌، ٨٠ پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان بۆ كوردستان پێشكه‌ش ده‌كرێن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11555

Your Comment

You are replying to: .
captcha