بەپێی هەواڵی کوردپرێس سوپای تورکیا لە هەمان سەرەتای هێرش کردنیەوە بۆ سەر عفرین کە ڕۆژی 20ی جانیڤێری دەستی پێکرد بە فڕۆکەی جەنگی، کانتۆنی عەفرینی تۆپباران کردوووە و بەو هۆیەشەوە چەندین هاووڵاتیی سڤیل گیانی خۆیانیان لە دەست داوە.
ڕۆژی 3ی فێبریڤێری پاش کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە جەنگییەکەی ڕووسیا لە ئیدلیب، هێرشی ئاسمانیی تورکیا ڕاگیرا و ئەو ڕەوتە چەند ڕۆژێکی خایاند و بە پێی نووسراوی ماڵپەڕی دیفێنس پۆست هەمان ڕۆژ کە تەرمی فڕۆکەوانە ڕووسییەکە نێژرا هێرشی ئاسمانی دەستی پێکردەوە. هەڵبەت پێش دەست پێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا، ئەمریکا دەستی کردبوو بە تۆپباران کردنی هێزی سەر بە سوپای سووریا لە دەیرەزوور.
بەرپرسە کوردەکان دەڵێن ئەو هەوڵەی ئەمریکا کاریگەریی خستۆتە سەر دەست پێکردنەوەی تۆپبارانەکەی سوپای تورکیا لە عفرین.
حەسەن فەقێ وتەبێژی هێزی کورد-عەرەبی سووریا لە ئەورووپا بە دیفێنس پۆستی وتوە: ئەمریکا دەستی دایە تۆپباران کردنی هێزەکانی سەر بە سوپای سووریا و هەر بەو بۆنەشەوە ڕووسیا گڵۆپی سەوزی هەڵکردەوە بۆ دەست پێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا لە عفرین.
تەیموور ئەخمەتۆف چاودێری سیاسیی پرسی کوردیش بە دووری نازانێت تۆپبارانەکەی سوپای ئەمریکا لە دەیرەزوور شوێندانەریی بووبێت لە دەست پێکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین.
ناوبراو دەڵێت: ڕووسیا بەردەوام بە بۆنەی داکۆکییەکانی ئەمریکا لەمەڕ دەست­پێڕانەگەیشتنی دیمەشق بە بیرە نەوتەکانی ناوچەی ژێر کونتڕۆڵی هێزی کورد-عەرەبی سووریا ڕەخنەی لە ئەمریکا گرتوووە.
بەرپرسێکی ئەمریکییش بە دیفێنس پۆستی وتوە وێ دەچێت پاش هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر هێزی سەر بە سوپای سووریا لە دەیرەزوور، ڕووسیا بە تورکیای وتوە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر عفرین دەست پێبکاتەوە.
هیوا عەرەبۆ هاوسەرۆکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی جزیرە لە ڕۆژهەڵاتی سووریا بڕوای وایە هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین پاش تۆپبارانەکەی ئەمریکا لە دەیرەزوور دەستی پێکردۆتەوە. ڕووسیا بە مەبەستی ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە هێرشەکەی ئەمریکا لە دەیرەزوور، ڕێگەی بە تورکیا داوە هێرشەکانی پەرە پێبدات. کوردی سووریا قوربانیی ئەم پێشبڕکێیەی ئەمریکان لە سووریا.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment