ئه‌نجامی ڕیفراندۆم هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه‌ و كورد له‌ كاتی گونجاو ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- په‌رله‌مانتارێكی پارتی ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: ئه‌نجامی ڕیفراندۆم هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه‌ و كورد له‌ كاتی گونجاو ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یێنێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئامینا زكری ئه‌ندامی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ڕادیۆ نه‌وای ڕاگه‌یاند: له‌ ئێستادا كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت ڕای گشتی ئاگادار بكرێته‌وه‌ له‌وه‌ی ڕیفراندۆم بوووه‌ته‌ هۆكاری سزاكانی سه‌ر هه‌رێمی كوردستان له ‌كاتێكدا حكوومه‌تی عێراق له‌ مانگی فێبریوێری ساڵی 2014 سزاكانی ده‌ست پێكردوووه‌ و سزاكانیش سیاسی بوون چوونكه‌ ئه‌وكات پرسی ڕیفراندۆم نه‌بوووه‌ و هه‌رێمی كوردستان ئابووری سه‌ربه‌خۆ نه‌بوووه‌.

ناوبراو له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ سزادانی ئه‌وكه‌سانه‌ی له ‌پشت ئه‌نجام‌دانی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانن، وتی: "به‌پێی هیچ یاسایێک ناكرێت ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ هه‌وڵی به‌دیهێنانی خه‌ونی گه‌لێک بن كه‌ قوربانی داوه‌ له‌و پێناوه‌دا سزا بدرێن به‌ڵكوو پێویسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ 16 ئۆكتۆبه‌ر خاكی كوردستانیان داوه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ و یارییان به ‌چاره‌نووسی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كردوووه‌ سزا بدرێن".

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی پارتی دڵنیایی دا له‌وه‌ی ڕیفراندۆم كارتێكی به‌هێزه‌ به ‌ده‌ست گه‌لی كورده‌وه ‌و به‌پێی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش ئه‌گه‌ر وڵاتان ڕاستگۆ بن له ‌جێبه‌جێ كردنی یاساكانی خۆیان له‌ كاتی گونجاو كورد ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یێنێت چوونكه‌ ئه‌نجامی ڕیفراندۆم هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11486

Your Comment

You are replying to: .
captcha