قەلەندەر و قەڵا؛ رۆمانێک لە بارەی ژیان و فەلسەفەی شێخی ئیشراق

به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر/کوردی- رۆمانی قەلەندەر و قەڵا لە نووسینی نووسەری ناوداری كورد (یەحیا یەسریبی) نووسراوە و یەكێكە لەو شاكارە جوانانەی لە سەر عیرفان و مەعنەویەت نووسراوە.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، یەكێک لەو شاكارە جوانانەی لە سەر عیرفان و مەعنەویەت نووسراوە و وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی كوردی، رۆمانی قەلەندەر و قەڵایە لە نووسینی نووسەری ناوداری كورد (یەحیا یەسریبی) و ئازاد بەرزنجی بە قەبارەی 365 لاپەڕە كردوویەتی بە كوردی.

سوهرەوەردی هەر لە شارۆچكەكەی خۆیەوە (سوهرەوەرد) دەستی بە خوێندن كرد، بەڵام جیاواز لە منداڵان و هاوپۆلەكانی خۆی، ئاستی زیرەكی و توانای عەقڵیی زۆر لە سەروو تەمەنەكەی خۆیەوە بوو. ڕووی لە ئەسفەهان كرد و لای شێخ و زاناكانی ئەوێ مەنتیق و كەلام و حیكمەت و تەفسیری خوێند. كاتێكیش بۆی دەركەوت چیتر ئەسفەهان سوودی نەماوە بۆی، بەجێیهێشت و وەک خۆی دەڵێ (زۆربەی زاناكان هاوشێوەی خەڵكە عەوامەكە بیرتەسک و كورتبینن و كۆمەڵێک زیكر و وێرد كە وەک میرات بۆیان ماوەتەوە، دووبارەی دەكەنەوە و دژی هەر جۆرە داهێنان و بیرێكی نوێن و تەحەمولی پرسیارێک ناكەن كە سنووری دەستووری باو و نەریت تێپەڕێنێت. لە هەموو شوێنێک بانگەشە بۆ تەسلیم بوون و قایلبوون دەكرێت و ئامۆژگاریی خەڵكی دەكەن بێدەنگ بێت).

كێشەی بوون و چییەتی و دەیان پرسیار و خولیا و كەڵكەڵەی تر مێشكی سوهرەوەردییان داگرتبوو، بۆیە بەشوێن وەڵامەكانیدا ڕێی دەشت و كێو و تەنهایی و هات و نەهاتی بەرەو مەراغە گرتەبەر و ئاتەشكەدەی زەردەشتی و موغی ئاتەشكەدە پیر و رێنیشاندەری بوو. حەز و تینوێتییەكی لە ڕادەبەدەری بۆ مەعریفە هەبوو، پێی وابوو مەعریفە بە دوو جۆر حیكمەت بەدەست دێت، یەكەمیان حیكمەتی فەیلەسوفانە كە پشت بە شی كردنەوە و ئەنجامگیری عەقڵی و بەڵگەكاری دەبەستێ، ئەویتریان حیكمەتێكی زەوقییە كە عارفان و ئەهلی دڵان لە ڕێگەی كەشف و شهود و ڕەنج و تەقەلای ڕۆحییەوە ئەزموونی دەكەن و نابێت ڕازەكانیان بە خەڵكی ئاسایی بگوترێن.

قەلەندەرێكی ئاوارە و شەیدا بوو بە شوێن جەوهەرێكی دەگمەندا دەگەڕا. باوەڕی بە كرانەوەی هزریی هەبوو، خۆی بە یەک فەلسەفەی دیاری كراوەوە نەبەستبووەوە. بە ڕووی فەلسەفەی یۆنانی و حیكمەتی ئێرانی و میسری و هیندوستانیدا كرابووەوە. هەرچەندە نووسراوەكانی ئیبن سینا و فارابی و غەزالی و ئەبو حەسەن ئەشعەری بابەتی زۆری كۆڕ و كۆبوونەوە و وانە زانستییەكانی ئەو سەردەمە بوون، بەڵام هیچكام لەمانە تینوێتی مەعریفیی سوهرەوەردییان نەشكاند. بۆیە مەراغەی بەرەو دوند و كەژ و كێوان جێهێشت و بەیانیان لەگەڵ هەڵهاتنی خۆر و شەوانیش بەدیار مانگەوە خەریكی ڕاز و نیاز بوو، لەگەڵ حەلقەی زیكر و سەمای دەروێشان، تێكەڵ بە سەما و گۆرانی و بەزمی خەڵكی ئاسایی دەبوو.

كاتێک لە ئامەد دەبینێت خەڵكی لە بۆنەیێكدا خەریكی گۆرانی و سەماكردنن، ئەمیش دەچێتە ناوەڕاستی خەڵكەكە و مێزەرەكەی لا دەبات و بەدەم شیعر و گۆرانییەوە خەریكی سەماكردن دەبێت، ئەمانە ببوونە مایەی رق و تووڕەیی لە لایەن شێخ و زانایان و هاونشینانی خۆیەوە و بە سوكایەتی و خۆبچووك كردنەوە دادەنرا، سوهرەوەردیش لە وەڵامدا پێیان دەڵێ: "هاوڕێ سەر مەخەرە سەرم، من خۆم بچووک ناكەمەوە، چونكە من خۆم بچووكم! پێویستە تۆ بەو جەنابانە بڵێی كە ئەوان بۆچی خۆیان گەورە كردوووە و هەموو شتێكیان بۆ خۆیان قۆرخ كردوووە و خۆیان لە خەڵكی تر بە جیاواز و گەورەتر دەزانن. لە كاتێكدا هەر وەكوو قورئان دەڵێت پێغەمبەریش ئینسانێكە هەر وەكوو ئینسانەكانی تر، بە چ حەقێک ئەمانە خۆیان وەكوو تاوس دەنوێنن و لووتیان وا لە ئاسمانە؟ من ئەوەم كە هەم، بەڵام ئەوانە ئەوە نین كە هەن".

دوا مەنزڵی ژیانی سوهرەوەردی حەلەب بوو، زاهیرشای كوڕی سەڵاحەدینی ئەیوبی، میری حەلەب بوو كە لەو كاتەدا تەمەنی تەنیا شانزە ـ حەڤدە ساڵان دەبوو. ئەگەرچی پێشوازییێكی ئەوتۆی لێنەكرا، بەڵام كەشوهەوا و ژینگەی مەعریفی حەلەبی لە شوێنەكانی دیكە لەلا باشتر بوو. لە قوتابخانەی حەلاوییەكان خەریكی وانەگوتنەوە بوو، لەناو شاردا قسە و باسی لەبارەوە دەكرا، هەندێک دەیانگوت عارفێكی كامڵە و هەندێک بە فەیلەسوفێكی باڵا و حەریفی ئیبن سینا و فارابی و هەندێكیش بە كەسێكی شێت و فێڵباز و مەترسی بۆ سەر ئایین و سیستەمی سیاسی ناویان دەبرد.

زانایان و شەرعناسانیش دژایەتییەكی زۆریان دەكرد بە تۆمەتی (زیندوو كردنەوەی ئایینی زەردەشت و گومان لە سەر خەتمی نبووەت و بەردەوامیی ئیلهام و ئیدیعای پێغەمبەرایەتی و بابەتی كەرامات و سوجدەبردن بۆ هەتاو و گوێگرتن لە موزیک و ... هتد) تاوانباریان كرد. سوهرەوەردیش نەک بێباک بوو بەرامبەریان، بەڵكوو دەیویست بەر لەوەی ئەم دنیا فانییە بەرەو مەلەكوت و نووری ئەنوار جێبهێڵێت، پەیامێک بگەیێنێت بەو خەڵكە و دڵی مرۆڤەكان سەر بە هەر دین و میللەتێک بن، بە نوور و ڕووناكی ئاشنا بكات، بەشێک لە رێنماییەكانی پیران و حەكیمەكانی دێرین زیندوو بكاتەوە و رۆچنەیێک لە زەوییەوە ڕووە و ئاسمان و لە دەرەوە بۆ ناوەوە و لە شێوەوە بۆ مانا بكاتەوە، پاشان بەرەو جێگا شكۆدارەكەی خۆی بگەڕێتەوە كە چەندین جار لە مكاشەفەكانیدا بینیویەتی.

پاش سازدانی دیبەیت و كۆبوونەوە لە نێوان زانایان و سوهرەوەردیدا كە جۆرێک لە دادگایی كردنی سوهرەوەردی بوو تا بەرگری لە خۆی بكات لەو تۆمەتانەی درابوونە پاڵی، پاش سێ كۆبوونەوە و دوای ئەوەی سوهرەوەردی سەرجەم تۆمەتەكانی رەت كردەوە، زانایان هەر سووربوون لە سەر رای خۆیان و لە دانیشتی خۆیاندا بڕیاری مەرگیان بەسەر سوهرەوەردیدا سەپاند. بریارەكەیان نارد بۆ دیمەشق بۆ سەڵاحەدینی ئەیوبی تا پەسەندی بكات. ئەگەرچی زاهیرشا پشتگیریی سوهرەوەردیی دەكرد و دژی بڕیارەكەی زانایان وەستایەوە و بە باوكی راگەیاند كە زانایان بە هەڵەدا چوون، بەڵام سەڵاحەدین گوتی نامەوێ بزانم قسەی زانایان راستە یان نا، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئەوەیە دڵی زانایانمان لێ نەڕەنجێ، تەنانەت ئەگەر واش بێت چارمان نییە و پێویستە قوربانی بە سوهرەوەردی بدرێ.

پەسەند كردنی بڕیارەكەی شەرعناسان بە مەرگی سوهرەوەردی لە لایەن سەڵاحەدینی ئەیوبییەوە، بۆ ئەوە دەگەڕایەوە كە لە لایێكەوە سەڵاحەدین و سوپاكەی لە شەڕی خاچ‌پەرستاندا بەهۆی فەتوای شەرعناسانەوە پشتگیریی جەماوەری بەدەستهێنا، لە لایێكی تریشەوە ترسی هەبوو خەڵكی عەوام بە قسە و بۆچوونەكانی سوهرەوەردی كاریگەر بن كە زۆر دژایەتی میر و دەسەڵاتدارە فەرمانڕەواكانی دەكرد و بە فیرعەون و ستەمكار ناوی دەبردن و دەیگوت دەستیان بەسەر سەروەت و سامانی وڵاتدا گرتوووە و خۆیان لە خۆشگوزەرانی و كەیف و رابواردندا دەژین و میللەتیش ژیانێكی ژێردەستە و كۆیلایەتی دەژی، دەترسا خەڵكی بەهۆی ئەو قسانەوە راپەڕن هەروەک چۆن لە میسر لە دژی دەوڵەتی فاتمی كرا.

سەرئەنجام پاش دیاری كردنی شێوازی مردنەكەی لە لایەن خۆیەوە، سوهرەوەردییان بەند كرد و هیچ خواردن و خواردنەوەیێكیان پێنەدا. پاش هەڵكردنی بۆ ماوەی هەفتەیێک، لە تەمەنی سی و هەشت ساڵیدا گیانی لە زیندانی جەستەی داماڵرا و بەرەو مەلەكوت بەرز بووەوە.

پاش مردنیشی هێشتا زانایان و فەقیهەكان وازیان لێنەهێنا و لاشەی ساردوسڕیان هێنایە دەرەوە و لەسێدارەیاندا.

جێی خۆیەتی بڵێین نووسەری ڕۆمانەكە (یەحیا یەسریبی) جگە لەوەی خزمەتێكی گەورەی فكر و فەلسەفەی سوهرەوەردیی كردوووە، لە چەندین شوێنی رۆمانەكەدا كە زیاد لە 10 جار چاپ كراوەتەوە، جەخت لە كوردبوونی سوهرەوەردی دەكاتەوە كە لە ئێران و ناوەندە رۆشنبیرییەكاندا سوهرەوەردی وەكوو فەیلەسوف و قەلەندەرێكی فارس ناسراوە و فەلسەفە و مەعریفەكەشی لەسەر كولتووری نەتەوەیی فارس ئەژمار كراوە.

سه‌رچاوه‌: ڕووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 11482

Your Comment

You are replying to: .
captcha