بهپێی ههواڵی کوردپرێس، ئەحمەد حاجى ڕەشید بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند: ئەو کۆپییە نوێیەى بودجە، تەنانەت داخوازى پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانى نەوتى بە شێوەیێک تێدایە کە پارێزگاکان لێی ڕازى نین.
وتیشى: "ئەوەى کە باس دەکرێت داخوازیى سوننەى تێدا تۆمار کراوە و داخوازیى کوردیشى تێدا تۆمار دەکرێت، ڕاپۆرتى لیژنەى داراییی پەرلەمانە، کە بەشێک نییە لە پڕۆژە یاساى بودجە و هیچ ئیعتیبارێکى یاسایی نییە".
ئەحمەد حاجى ڕەشید باسى لەوەش کرد: لەو کۆپیە نوێیەى پڕۆژە یاساى بودجەدا لە کۆى پێنج مەرجى سندوقى دراوى نێودەوڵەتى، چوار مەرجى تێدا تۆمار کراوە، ئەو مەرجەى کە تۆمار نەکراوە ئەوەیە کە پەیوەندى بە تەرخان کردنى نۆ ترلیۆن و ٩٥٢ ملیار دینارەوە هەیە بۆ هەرێمى کوردستان.
ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لە کۆتاییی نۆڤێمبێری ڕابردوودا پڕۆژە بودجەى ڕەوانەى پەرلەمان کرد، بەڵام تا ئێستا لە لایەن پەرلەمانەوە پەسەند نەکراوە، بەهۆى ناڕەزاییی کوتلە کوردى و سونییەکانەوە لە سەر پڕۆژە یاساکە.
کورد داواى پشکى لەسەدا ١٧ دەکات لە بودجەى گشتىی عێراق، لە کاتێکدا لە پڕۆژە یاساکەدا پشکەکەى بە لەسەدا ١٢.٦٧ دیاری کراوە.
بەڵام تا ئێستا حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیران ڕەزامەندى لەو بارەیەوە نیشان نەداوە و چەند جارێک جەختی کردۆتەوە کە لە سەر بنەماى ڕێژەى دانیشتوان پشکى هەرێم-یان دیاری کردوووە.
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment