ئه‌مریكا بنكه‌ی‌ نوێی سه‌ربازی له‌ هه‌رێم ده‌كاته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌مریكا ژماره‌یێک بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كاته‌وه‌ به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتیش چه‌ند زانیاریێک له‌ باره‌ی‌ ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییانه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "ئه‌مریكا پێشتر ژماره‌یێک بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له ‌هه‌رێم كردۆته‌وه‌" وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ش له ‌باره‌ی‌ كردنه‌وه‌ی‌ بنكه‌ی‌ نوێی‌ ئه‌مریكا ڕوون كردنه‌وه‌ ده‌دات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جاسم محه‌ممه‌د جه‌عفه‌ر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له ‌ده‌وڵه‌تی یاسا ڕای‌گه‌یاندوووه‌: ئه‌مریكا به‌ بێ ئاگاداری‌ عێراق به‌نیازی دروست كردنی بنكه‌ی سه‌ربازییه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

هاوكار جاف ئه‌ندامی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ نه‌ینه‌وای‌ یه‌كێتیی‌ نیشتیمانیی‌ كوردستان به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "هه‌رچه‌نده‌ هیچ زانیارییێكم له‌ باره‌ی‌ كردنه‌وه‌ی‌ بنكه‌ی‌ نوێی‌ ئه‌مریكا نییه‌، به‌ڵام ئه‌مریكا پێشتر ژماره‌یێک بنكه‌ی‌ سه‌ربازی‌ له ‌هه‌رێم كردۆته‌وه‌".

وتیشی‌: "له ‌ساڵی‌ 2014 و له ‌كاتی‌ شه‌ڕ دژی‌ داعش، ئه‌مریكا ژماره‌یێک ژووری‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ له‌ (هه‌ولێر، سلێمانی‌ و ناوچه‌ دابرێنراوه‌كان ) كرده‌وه‌، گرنگیه‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌بوونی‌ ئه‌و ژوورانه‌ یان ئه‌و بنكانه‌ به‌ واتای‌ سه‌قامگیریی‌ بۆ ناوچه‌كه‌ دێت و ده‌بێته‌ هۆكارێک بۆ درێژه‌دان به ‌پێكه‌وه‌ژیانی‌ نه‌ته‌وه‌كان، هه‌روه‌ها بۆ كوردیش پشتگیرییێكی‌ باشه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ده‌یانه‌وێت هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بكه‌نه‌ هێزێكی‌ نیشتیمانی‌".

له‌ لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ هاته‌ده‌نگ و لیوا قاره‌مان شێخ كه‌مال جێگری سه‌رۆكی ئه‌ركان بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ SNNی ڕوون كرده‌وه‌: "كردنه‌وه‌ی‌ بنكه‌ی‌ نوێی‌ سه‌ربازی‌ ئه‌مریكا له ‌هه‌رێم، ته‌نها ده‌نگۆیه ‌و به ‌فه‌رمی‌ هیچ نوسراوێكمان بۆ نه‌هاتوووه‌".

وه‌كوو به‌رپرسه‌كه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌: "ئه‌گه‌ر شتێكی‌ وا له ‌به‌رنامه‌ی‌ ئه‌مریكادا هه‌بێت و دوای‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم پێویسته‌ ئێمه‌ ئاگادار بین".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 11448

Your Comment

You are replying to: .
captcha