هێشتا 90%ی کێشه‌کانی نێوان هه‌ولێر- به‌غدا چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ هێشتا 90%ی کێشه‌ و ناکۆکیی نێوان هه‌ولێر- به‌غدا چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌ و ده‌ڵێت: بڕیار دراوه‌ کۆبوونه‌وه‌ی سێیه‌می نێوان سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان بکرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌رده‌ڵان نووره‌دد‌ین ئه‌ندامی فراکسیۆنی پارتی له ‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: بڕیار وایه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌تی ھه‌رێم بۆ جاری سێیه‌م له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق کۆ بێته‌وه‌ به‌ڵام تا ئێستا کات و شوێنی کۆبوونه‌وه‌که‌ دیاری نه‌کراوه‌ له ‌به‌غدا ده‌بێت یان له ‌ھه‌ولێر.

ناوبراو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا ھه‌رێم و به‌غدا له ‌ڕێککه‌وتن نزیک بوونه‌ته‌وه‌ وتی: "تا ئێستا ھه‌رێم و به‌غدا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ھیچ ئه‌نجامێک و ٩٠%ی کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌. ئه‌وه‌ی ھه‌یه‌ بابه‌تێکی میدیایییه ‌و تا ئێستا حکوومه‌تی عێراق مووچه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ی ڕه‌وانه‌ نه‌کردوووه ‌و ئه‌وه‌ی ده‌وترێت ته‌نیا یاری کردنه‌ به ‌ھه‌ست و سۆزی فه‌رمانبه‌رانی ھه‌رێمی کوردستان".

ئه‌رده‌ڵان نووره‌ددین سه‌باره‌ت به‌ دیداری نێوان عه‌بادی و بارزانی وتیشی: "ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ پێش ھه‌ندێک بڕیار ده‌بێت که‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی به‌نیازه‌ بیدات سه‌باره‌ت به‌ فڕۆکه‌خانه‌کان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و به‌شه‌بودجه‌ی ھه‌رێمی کوردستان هه‌ر بۆیه‌ پێم وایه‌ ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ له ‌ماوه‌یێکی نزیکدا ئه‌نجام بدرێت".

شایانی باسه‌؛ پێشتر بارزانی و عه‌بادی جارێک له‌ به‌غدا و جارێکی دیکه‌ش له‌ په‌راوێزی کۆنفڕانسی جیهانی داڤۆس دیداریان کرد به‌ڵام بارزانی پاش ئه‌و دیدارانه‌ جه‌ختی کرده‌وه‌ که‌ ڕێککه‌وتنێک له‌ نێوان هه‌ر دوو لا ئه‌نجام نه‌دراوه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11387

Your Comment

You are replying to: .
captcha