بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر دەست پێكردنەوەی گەشتی راستەوخۆی فڕۆكەخانەكانی هەرێم رێكدەكەون، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی رایدەگەیەنێت: هیچ بەربەستێك لەبەردەم دەست پێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان نەماوە و بەغداش رەوانەكردنی پۆلیسی فیدراڵی بۆ فڕۆكەخانەكانی نەكردۆتە مەرج.
تاهیر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی سلێمانی لەمبارەوە، بە SNNی راگەیاند: ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن گوایە بەغدا داوای لێكردوون پۆلیسی ئیتحادی لە فڕۆكەخانەكانی هەرێمدا جێگیر بكات، ناڕاستە و لە هیچ كۆبوونەوەیێكدا باسی ئەو بابەتە نەكراوە.
وتیشی: دەست پێكردنی گشتە ئاسمانییەكان لە فڕۆكەخانەكانی هەرێم بەڕووی جیهاندا پەیوەست نییە بە جێگیركردنی پۆلیسی ئیتیحادی لەو فڕۆكەخانانە، چوونكە لە بنەڕتدا پۆلیسی گومرگ لە ناو فڕۆكەخانەكاندا بوونیان هەیە و نوێنەرایەتیی حكوومەت دەكەن.
تەئكیدیشی كردەوە هیچ گرفتێك لەبەردەم دەست پێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی هەولێر و سلێمانی نەماوە و بەغدا و هەولێریش لەسەر تەواوی بابەتەكان رێككەوتوون.
تاهیر عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد لە ئێستادا دەست پێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكان، لەدەسەڵاتی وەزیری گواستنەوە و دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی و دەستەی دەروازە سنورییەكاندا نەماوە و هەموو بڕیارەكان لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە دەدرێت.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment