بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سیپان حەمۆ فەرماندەی YPG دەڵێت: بەبۆنەی بەرخۆدانی هێزەکانی YPG و خەڵکی عەفرینەوە سوپای تورکیا هیچ لە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی عەفرینی نەپێکاوە و ئێستا هەوڵ دەدەن گوندەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای حەلەب داگیر بکەن.
ئەمڕۆ ڕۆژنامەی شەرقی ئەوسەتی بەریتانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سیپان حەمۆ بڵاوکردووەتەوە و لە بارەی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا لە عەفریندا پرسیاری لێکردووە.
سیپان حەمۆ وتوویەتی: سوپای تورکیا لە ماوەی ١٧ ڕۆژی ڕابردوودا هیچ کامە لە ئامانجەکانی لە ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆنی عەفرین نەپێکاوە، سەرەتا پێیان وابوو لە چەند ڕۆژێکدا ئۆپەراسیۆنەکە بە ئەنجام دەگەیێنن، بەڵام نەیانتوانی، ئامانجی سەرکییان لە ئەنجام دانی شکستیان هێنا.
ناوبراو وتیشی: ئەردۆغان لە مێژە بەتەمای لکاندنی حەلەب بە خاکی تورکیا و پێکهێنانی ئیمپراتورییەتی عۆسمانییە، لە ڕێگەی عەفرینەوە دەیویست لە دوو لایەنی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە بگاتە باکووری حەلەب و حەلەب بگرێت.
سیپان حەمۆ لە بارەی پێشڕەوییەکانی سوپای تورکیشەوە ڕایگەیاندووە: سوپای تورکیا لە ماوەی ئەو ١٧ ڕۆژەدا نەیتوانیوە پێشڕەوییێکی ئەوتۆ لە خاڵی سفری سنووری بکات، لە چەند خاڵێک ٥٠٠ مەتر و لە چەند خاڵێکی دیکەش تا سێ کیلۆمەتر توانیویەتی پێشڕەوی بکات، ئەو پێشڕەوییانەش بۆ ئۆپەراسیۆنێکی وەها هیچ گرنگییەکیان نییە، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە تا ئێستا ١١ تانکی سوپای تورکیان تێکشکاندووە و گورزی قورسیان لێداون، لە لایێکی دیکەشەوە ژمارەیێکی زۆر لە سەربازەکانی سوپای تورکیا و گرووپەکانی سەربە سوپای تورکیا کوژراون.
فەرماندەی گشتیی یەپەگە لە کۆتاییدا باسی لەوە کردووە: مووشەکی هەستیار بە گەرمی لە لایەن ڕوسیا یان ئەمریکاوە نەدراوەتە یەپەگە، ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە ڕایگەیاند، کە لە بارەی عەفرینەوە هیچ هاوکارییەکمان ناکات، تا ئێستاش بۆ عەفرین هیچ یارمەتییێکی نەداوینەتێ.
سەرچاوە: هاوار نیووز
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment