به‌ مه‌به‌ستی ڕاگرتنی تۆپبارانی تورکیا دژ به‌ خه‌ڵکی عه‌فرین ناوچه‌ی دژه‌فڕین ڕابگه‌یێنن

به‌شی سووریا- هاوسه‌رۆکی TEVDEM داوا ده‌کات به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی گیانی خه‌ڵکی سڤیل ده‌ستبه‌جێ ناوچه‌ی دژه‌فڕین له‌ عه‌فرین ڕابگه‌یێندرێت و ده‌شڵێت: ده‌سته‌وسان کردنی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی مانای ئه‌وه‌ ده‌بێت ڕاسته‌وخۆ پاڵپشتیی تورکیا و ئامانجه‌که‌ی ئه‌و وڵاته‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی دووباره‌ی تیرۆریزم و نائارامی ده‌که‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئاڵدار خه‌لیل هاوسه‌رۆكی‌ ته‌ڤگه‌ری‌ كۆمه‌ڵگای‌ دیموكراتی سووریا (TEVDEM) داوای ڕاگه‌یاندنی ناوچه‌ی دژه‌فڕین ده‌کات و له‌ ماڵپه‌ڕی Dfence one نووسیویه‌تی: ئێمه‌ بڕوامان وایه‌ ڕاگه‌یاندنی ناوچه‌ی دژه‌فڕین له‌ عه‌فرین بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی بێتاوان و ڕاگرتنی ده‌ستدڕێژییه‌که‌ی تورکیا کاریگه‌ر ده‌بێت.

سوپای تورکیا له‌ ڕۆژی 20ی جانیڤێرییه‌وه‌ به‌ هاوکاریی به‌شێک له‌ چه‌کدارانی توندڕه‌وی سووری هێرشی کرده‌ سه‌ر کانتۆنی عه‌فرین. له‌و هێرشانه‌ی سوپای تورکیا و هاوپه‌یمانانیدا تا ئێستا زیاتر له‌ 130 هاووڵاتیی سڤیل گیانی خۆیان له‌ده‌ست داوه‌.

ئاڵدار خه‌لیل بێده‌نگ بوونی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هێرشه‌ی تورکیا ده‌خاته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ و ده‌ڵێت: ئێستا کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بێده‌نگه‌ و سه‌یری ڕووداوه‌کان ده‌کات و ڕێگه‌ ده‌دات ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا هێرشی وا دڕندانه‌ بکاته‌ سه‌ر عه‌فرین. ئێمه‌ ئه‌و هێرشانه‌ به‌ تۆڵه‌ ده‌زانین له سه‌رکه‌وتنه‌کانی خۆمان.

ناوبراو داوای کاردانه‌وه‌ی خێرا و ده‌ستبه‌جێی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌کات و ده‌ڵێت: ئه‌م دۆخه‌ هه‌ڵوێستی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیی پێویسته‌. ئێمه‌ چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین هه‌ڵوێستی جیدی بنوێنن و بڕیاری کاریگه‌ر بۆ کۆتایی هێنان به‌ هێرشه‌کانی تورکیا دژ به‌ خه‌ڵکی ئێمه‌ له‌ عه‌فرین بنوێنن. ده‌سته‌وسان کردن له‌ هه‌ڵوێست نواندنی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و ناکارامه‌یی بۆ کۆتایی هێنان به‌ هێرشی ئاسمانیی سوپای تورکیا مانای ئه‌وه‌ ده‌بێت که‌ ڕاسته‌وخۆ پاڵپشتیی تورکیا و ئامانجه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ و له‌ ئه‌نجامدا گه‌ڕانه‌وه‌ی تیرۆریزم و نائارامی ده‌که‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11308

Your Comment

You are replying to: .
captcha