بهپێی ههواڵی کوردپرێس، جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: بە ھیچ شێوەیێک ھەرێم ناتوانێت ھەموو نەوتی خۆی ڕادەستی عێراق بکات و بەغداش خۆی بدزێتەوە لە خەرج کردنی شایستەی دارایی و قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێم.
وتیشی: "دوو بژاردە بۆ رێککەوتنی ھەرێم و بەغدا ھەیە، یەکەمیان ئەوەیە عێراق بەرپرسیارێتیی خەرج کردنی قەرزەکانی سەر ھەرێم لە ئەستۆ بگرێت، یان رێگە بە ھەرێم بدات خۆی بەشێک لە نەوتەکەی بفرۆشێت بۆ دانەوەی قەرزەکان، چونکە بەپێی دەستوور و یاسا ھەرێم ئەو مافەی ھەیە مامەڵە لەگەڵ بیرە نەوتییەکانیدا بکات، ئەمەش عێراق پابەند دەکات".
جەمال کۆچەر سەبارەت بەوەی ئایا عێراق رێککەوتن لەگەڵ ھەرێم دەکات وتی: "عەبادی حەز ناکات تا وەکوو دوای ھەڵبژاردن ھیچ رێککەوتنێک لەگەڵ ھەرێم بکات، بەڵام دوای ھەڵبژاردن ئامادە دەبێت بۆ گفتوگۆیێکی واقیعی لە پێناوی چارەسەرکردنی کێشەکان".
وتیشی: "بانگھێشتی کۆمپانیای ڕۆسنەفت لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە پەیوەندی بە گرێبەستی نەوتیی کەرکووکەوە ھەیە و فشارێکیشە بۆ سەر ھەرێم، چونکە عێراق دەیەوێت کاتێک رێککەوتن لەگەڵ ھەرێم بکات کە ھەرێم لە لووتکەی زەلیلیدا بێت، لە بەر ئەوە پێم وانییە ھەرێم تا ئەو ڕادەیە ئامادە بێت، ھەڵبژاردن بکرێت ھاوکێشەکە دەگۆڕێت".
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment