به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جه‌مال كۆچه‌ر ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت و وزه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به SNNی ڕاگه‌یاند: به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست ئێمه كهوتوووه هه‌رێم و به‌غدا گه‌یشتوونه‌ته ڕێككه‌وتنێكی مه‌بده‌ئی كه هه‌رێم نه‌وت له ڕێگه‌ی سۆمۆوه بفرۆشێت.
ناوبراو وتیشی: "ته‌نها گرفتێک كه له نێوان هه‌ر دوو لادا ماوه ئه‌وه‌یه حكوومه‌تی عێراق ئاماده نییه شایسته‌ی داراییی كۆمپانیاكانی نه‌وت له هه‌رێم بدات كه وه‌ک قه‌رزێک له‌سه‌ر هه‌رێم كه‌ڵه‌كه بوووه ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی عێراق پێی وایه گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كانی هه‌رێم جیاوازه له‌گه‌ڵ گرێبه‌سته‌كانی به‌غدا و له هه‌رێم گرێبه‌ستی شه‌راكه‌ت كراوه به‌ڵام له عێراق گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان گرێبه‌ستی خزمه‌تگوزارین".
شایانی باسه؛ دوای دوو كۆبوونه‌وه‌ی نێوان حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم كه یه‌كێكیان له به‌غدا و ئه‌وی دیكه‌یان له داڤۆس به‌ڕێوه چوو، حكوومه‌تی عێراق بڕی 250 ملیاری دیناری خسته سه‌ر حسابی وه‌زاره‌تی داراییی هه‌رێم بۆ مووچه‌ی هه‌ر دوو وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و ته‌ندروستی. به گوێره‌ی هه‌ندێک زانیاری، ڕه‌وانه كردنی ئه‌و پاره‌یه له چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنێكی نێوان هه‌رێم و به‌غدایه كه تا ئێستا هه‌رێم ئاشكرای نه‌كردوووه.
جه‌مال كۆچه‌ر سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه هه‌رێم چه‌ند نه‌وت ڕاده‌ستی سۆمۆ بكات، وتی: "به گوێره‌ی پڕۆژه‌یاسای بودجه پێویسته هه‌رێم ڕۆژانه 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستی سۆمۆ بكات".
ناوبراو وتیشی: "هه‌رچه‌نده هه‌رێم داوای كردوووه عێراق شایسته‌ی داراییی كۆمپانیاكانی نه‌وت بدات به‌ڵام پێم وایه ڕازی ده‌بێت هه‌موو نه‌وته‌كه‌ی ڕاده‌ستی عێراق بكات ئه‌وكاته عێراقیش شایسته‌ی داراییی كۆمپانیاكان ده‌دات".
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment