بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەکانی سووریا ENKS هۆکارەکانی ئامادەنەبوونی لە کۆنگرەی گفتوگۆی نەتەوەیی سووریا لە شاری سووچی ڕاگەیاند.
ئاسمیهان داوود یەکێک لە ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتیی ENKS لە گفتوگۆ لەگەڵ هەواڵدەریی سپوتنیکدا وتی ئەو ئەنجومەنە بە بۆنەی چەند هۆکارەوە بەشداری لە کۆنگرەی سووچی ناکات ئەوەش یەکەمیان بانگهێشت نەکردنی فەرمیی ENKS و دووهەم ڕوون نەبوونی ڕەوشی کاری کۆنگرەکەیە.
ئاسمیهان داوود لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ئامادە نەبوونی ENKS لە کۆنگرەی سووچیدا پێوەندیی بە هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین و هەڵویستی ڕووسیاوە هەیە وتی: نا، هۆکارەکەی ئەوە نییە. هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە ئێمە بانگهێشت نەکراوین و ڕەوشی کاری کۆنگرەکەش ڕوون نییە.
کۆنگرەی سووچی بەیانی 30ی جانیڤێری بە ئامادەبوونی 1600 کەس لە نوێنەرانی چینە جیاوازەکانی سووریا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، نوێنەری وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و چەند وڵاتی دیکە، بۆ چارە سەر کردنی قەیرانی سووریا دەست پێدەکات.
ژمارەیێک لە حیزبە کوردییەکان ڕایانگەیاندووە بۆ پیشاندانی ناڕەزایی خۆیان هەمبەر هەڵویستی ڕووسیا لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی کوردنشینی عەفرین لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە نابن.
شایانی باسە تورکیا هەمیشە دژی ئامادە بوونی کورد بووە لە کۆبوونەوەکان و دانووستانەکانی پێوەندیدار لەگەڵ داهاتووی سووریا.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment