بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە لێدوانێكیدا لە کۆمکاری جیهانیی داڤۆس نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم رای گەیاند: ناوەڕۆكی راگەیێندراوەكەی نووسینگەی تایبەتی سەرۆكی عێراق لەبارەی رێككەوتنی هەردوولا رەت دەكەینەوە، دوورە لە راستییەوە.
وتیشی: لەسەر بڵاوكردنەوەی راگەیێندراوەكە، گلەییمان لە حكوومەتی بەغدا كردووە.
دوێنێ حكوومەتی عێراق راگەیێنراوێكی لەبارەی دانیشتنەكەی نێوان عەبادی و وەفدی حكوومەتی هەرێم لە داڤۆس بڵاوكردەوە و ئاشكرای كرد كە عەبادی جەختی لە چەسپاندن و چالاك كردنی دەسەڵاتی فیدراڵی لە هەرێمی كوردستان كردۆتەوە، لەنێویاندا دەروازە سنووری و فڕۆكەخانەكانی هەرێم، كە دەبێت لەژێر كۆنترۆڵی دەسەڵاتی فیدراڵیدا بێت، هەروەها دەبێت نەوتی هەرێمی كوردستان رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت.
ئەمڕۆش سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە حكوومەتی هەرێم رازی بووە بە رادەستكردنی كۆی نەوتی هەرێم بە بەغدا.
لە وەڵامدا نێچیرڤان بارزانی وتی: بەهیچ شێوەیەك لەسەر ئەو بابەتانە نەگەیشتووینەتە رێككەوتن، بەڵكو دەمانەوێت لەچوارچێوەی دەستووردا كێشەكانمان چارەسەر بكەین.
سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی سلێمانی
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment