٢٥ کانوونی دووەم ٢٠١٨ - ١٣:٠٢
دادگای فیدراڵی: کەرکووک ناوچەی جێناکۆک نییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەپێی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، هەولێر و سلێمانی و دهۆک، ناوچەی جێناکۆکن، نەک کەرکووک و ناوچەیێکی دیکە، ئەندامێکی کوردی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی عێراقیش پێی وایە "هەڵەی چاپە و دادگاکە چاکی دەکاتەوە".

لە نووسراوێکی دادگای باڵای فیدراڵی، لەبارەی لێکدانەوەی، دەستەواژی "ناوچەی جێناکۆک" هاتوووە، لە پڕۆژەی دەستوور، دەستەواژەی "ناوچەی جێناکۆک" لە ماددەی (140/دووەم) ئاماژەکراوە، بەو ناوچانەی ناکۆکی لەسەرن لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ئیتیحادی، کە دەقەکەی هاتووە" داننان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەو خەسڵەتەی حکوومەتی فەرمییە بە سەر ئەو خاکەی کە پێش 19/ئادار/2003 بەڕێوەی دەبرد لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دیالە و نەینەوا، واتە ئەو ناوچانە دەگرێتەوە لە 19/ئادار/2003 بەڕێوە براوە.

دەستەواژەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماددەی (53/ ئەلف) هاتووە لە یاساکەدا واتای (ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان) و (ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان) و (دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی) لە هەرێمی کوردستان، بۆیە دادگای فیدرالی پێی وایە ناوچەی جێناکۆک ئەو زەوییانەیە، کە پێشتر لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە براوە، کە لە دەقی پێشکەشکراودایە لە رێککەوتی 19/3/2003.

ئەمین بەکر، ئەندامی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند، "بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدرالی بڕیارێکی زۆر خراپە، بەپێی بڕیارەکە پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان بە ناوچەی جێناکۆک دانراوە، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە بڕیارەکە هەڵەی چاپە و دادگای فیدراڵی چاکی دەکاتەوە و ئێستا سەرقاڵی چاک کردنەوەیەتی".

ئەمین بەکر، کە هاوکات جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕانە، روونی کردەوە: "هەڵەکەی دادگا زیاتر لە بەکارهێنانی وشەی "تدیرها- بەڕێوەبردن"ە، کە لەبری ئەوەی بنووسرێت ئەو ناوچانەی پێش 19/3/2003 لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان "لا تدار- بەڕێوەنەبراوە" ، وشەی "تدار"یان بەکارهێناوە واتە بەڕێوەبراون، ئەمەش هەڵەیێکی چاپە، بۆیە ئێستا ئەو نووسراوە لە ماڵپەری فەرمیی دادگای باڵای فیدراڵیش لابراوە".

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان راشیگەیاند، "لەگەڵ دادگای باڵای فیدراڵی لەو بارەوە قسەیان کردوووە و رۆژی 17-1-2018 ، نووسراوی فەرمیی بۆ دادگای باڵای فیدرالی کردوووە لەسەر ئەو بابەتە، بڕیارە دادگا وەڵامی فەرمییان بدەنەوە و ئەم هەڵەیە راست بکەنەوە".

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 10902

Your Comment

You are replying to: .
captcha