به‌كارهێنانی تانكه‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌ دژی عه‌فرین كاردانه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌

به‌شی جیهان- پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌كارهێنانی تانكی "لۆپارد"ی ئه‌ڵمانیایی له ‌لایه‌ن سوپای توركیاوه‌ دژی كورده‌كانی سووریا داخوازییه‌كان بۆ وه‌ستانی هه‌نارده ‌كردنی چه‌كی ئه‌ڵمانیا بۆ توركیا له ‌زیادبووندایه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پاش بڵاو کردنه‌وه‌ی هه‌ندێک ده‌نگۆ له‌باره‌ی ده‌ست پێکردنی فرۆشی چه‌ک له ‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیاوه‌ به‌ تورکیا و سه‌ره‌ڕای که‌ڵک وه‌رگرتنی تورکیا له‌ تانکی لۆپاردی ئه‌ڵمانی له‌ هێرشی ئه‌م دواییه‌ی خۆی بۆ سه‌ر ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورده‌کانی سووریا له‌ عه‌فرین، هه‌ندێک له‌ سیاسه‌تمه‌داره‌كانی ئه‌ڵمانیا داوایان كردوووه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌یان مامه‌ڵه‌ی نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ی تانكه‌كانی توركیا ڕابگرێت.

له ڕۆژی شه‌ممه‌‌ی ڕابردوووه‌وه‌ سوپای توركیا و چه‌ند گرووپێک له ‌چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا په‌لامارێكی سه‌ربازییان بۆ سه‌ر كانتۆنی عه‌فرین له سووریا ده‌ست پێكردوووه‌ و سه‌رچاوه‌كان باس له‌ به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌ڵمانی له‌و شه‌ڕه‌دا له ‌لایه‌ن سوپای توركیاوه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ ناڕه‌زایی دروست كردوووه‌.

سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه‌ دوای دوو هه‌فته‌ له ‌دیداری وه‌زیره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر دوو وڵات دێت بۆ باش كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كانیان كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌م دوو وڵاته‌ی ئه‌ندامی ناتۆ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌ شێوه‌یێکی به‌رچاو تێک چوووه‌.

ڕۆژی هه‌ینی هه‌واڵی ئه‌وه‌ بڵاو بوووه‌وه كه‌ توركیا و ئه‌ڵمانیا ڕێكکه‌وتنێكیان كردوووه‌ بۆ نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ی تانكه‌كانی "لۆپارد 2" به ‌جۆرێک ته‌قینه‌وه‌ كاریگه‌ری تێ نه‌كات.

توركیا پێشتر ئه‌و تانكانه‌ی له‌ سووریا له‌ دژی داعش به‌كار هێناوه‌ به‌ڵام پسپۆرانی بواری جه‌نگ به‌ ڕۆژنامه‌نووسه‌كانیان ڕاگه‌یاندوووه‌ توركیا له ‌ئۆپه‌راسیۆنی "چڵه‌ی زه‌یتوون"دا ئه‌و تانكانه‌ی له ‌دژی كورده‌كان به‌كار هێناوه‌.

ئێستا سیاسه‌تمه‌داره‌ چه‌پ ‌و ڕاسته‌كانی ئه‌ڵمانیا له‌ دژی ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ی توركیا و ئه‌ڵمانیا وه‌ستاونه‌ته‌وه‌ بۆ نۆژه‌ن كردنه‌وه‌ی تانكه‌كان‌ و داوایان له‌ وڵاته‌كه‌یان كردوووه‌ هه‌ڵوێستی ڕوونی خۆی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی په‌لاماردانه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین ئاشكرا بكات.

ئه‌گنیتزكا بروگر ئه‌ندامی په‌رله‌مان له ‌حیزبی سه‌وز ڕای‌گه‌یاند: "ده‌بێت ئه‌مه‌ ببێته‌ زه‌نگی هۆشداری بۆ ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیا و ده‌بێت به‌ زووترین كات هه‌نارده‌ كردنی چه‌ک بۆ توركیا ڕابگرێت و ئێستاش زۆر دره‌نگه‌".

سایمۆن پیرت سه‌رۆكی حیزبی سه‌وز ده‌ڵێت: "ئه‌ڵمانیا نابێت ئه‌و تانکانه‌ نۆژه‌ن بکاته‌وه‌ و به ‌ته‌واوی ئاشكرایه‌ ده‌بێت ئه‌ڵمانیا له‌م كاته‌دا ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ له‌گه‌ڵ توركیا ڕابگرێت".

هه‌ر له‌و باره‌وه‌ گراف ئه‌لێکساندر له‌ پارتی دیموکراتیکی ئازاد ڕه‌خنه‌یێکی توندتر ده‌گرێت و ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی تورکیا دژ به‌ کورده‌کان له‌ عه‌فرینی سووریا به‌ ده‌ستدڕێژکاری و دژ به‌ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان وه‌سف ده‌کات.

به‌ دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی هه‌ندێک وێنه‌ له‌ سنووری تورکیا له‌گه‌ڵ عه‌فرین موناقیشه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وامی یان ڕاگرتنی هاوکاریی سه‌ربازیی ئه‌ڵمانیا له‌گه‌ڵ تورکیا ئه‌نجام دراوه‌. ئه‌و وێنانه‌ که‌ڵک وه‌رگرتنی تورکیا له‌ تانکی لۆپاردی 2 له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کان دژ به‌ کورده‌کان له‌ عه‌فرین نیشان ده‌دات و هه‌ر له‌و باره‌وه‌ جان کورت له‌ حیزبی چه‌پ ڕای‌گه‌یاندوووه‌ که‌ ده‌بێ ئانجێلا مێرکێل سه‌رۆکی ئه‌ڵمانیا ڕوونکردنه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌ته‌کانیان هه‌مبه‌ر تورکیا بدات.

ڕاشا تووده‌ی زیاتر ده‌نووسێت: له‌ ده‌یه‌ی 1980دا ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیا 751 تانکی لۆپارد بریتی له‌ 354 تانکی لۆپاردی 2ی به‌ تورکیا فرۆشت که‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی سنوور دژ به‌ داعش یان گرووپگه‌لێکی دیکه‌ به‌کاری بهێنێت. تورکیا له‌ هه‌ندێک له‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ ژماره‌یێک له‌ تانکه‌ 60 ته‌نییه‌کانی خۆی له‌ ده‌ست دا‌ و داوای له‌و وڵاته‌ کردوووه‌ ئه‌و تانکانه‌ به‌ڕۆژ بکاته‌وه‌ و ئه‌منییه‌تیان زیاتر بکات.

سه‌رچاوه‌: ڕاشاتووده‌ی و بی بی سی فارسی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10862

Your Comment

You are replying to: .
captcha