کوردپرێس:
ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا لە ڕاپۆرتێکدا باسی شوێندانەریی کۆڕەوی هەزاران ئاوارەی کوردی سووریا بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە عیلاقاتی فەرهەنگیی نێوان کوردی سووریا و کوردەکانی هەرێم بەهۆی کۆچبەریی ئاوارە کوردەکانی سووریاوە زیادی کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا نووسراوە ئەگەرچی کوردی عێراق و سووریا خاوەنی یەک ڕەگەزن بەڵام جیاوازیی شێوەزار و نەریتی ژیانی ڕۆژانەیان بە شێوەیێکی بەرچاو دەبینرا بەڵام سەربازی ئەو جیاوازییەش لەو کاتەوە کوردەکانی سووریا بە ئاوارەیی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان عیلاقات و تێکەڵبوونی ئەو کوردانە زیاتر لە ڕابردوو بەدی دەکرێت.
عەبدولسەمەد عەبدولقادر یەک لەو کوردانەیە کە لە شاری قامیشلۆی سووریاوە هاتۆتە هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان. ئەو هاووڵاتییە کوردە دەڵێت پاش نیشتەجێ بوونی لە هەولێر قاوەخانەیێکی بە ستایلی کوردەکانی سووریا لە هەولێر کردۆتەوە و هەوڵی داوە لە ڕێگای دروستکردنی قاوەی تاڵەوە بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی دابین بکات. بەڵام قاوەکەی لای هەولێرییەکان تاڵ بووە و هاووڵاتییانی هەرێم حەزیان لێی نەبووە. سەرباری ئەوەش بەردەوام بووە لە کارەکەی و ئێستا ڕازییە و دەڵێت مشترەییەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لەگەڵ نەریتی ئەوان ئاشنا دەبن.
لە ئێستادا زیاتر لە 300 هەزار ئاوارەی سووری لە هەرێمی کوردستان دەژین کە زۆرینەیان کوردن.
کوردەکانی سووریا دەڵێن هۆکاری ئەو تێکەڵبوونە ئەوەیە هەرێمی کوردستان مامەڵەی گونجاوی لەگەڵ ئاوارە کوردەکانی سووریا کردووە. هەڵبەت ئەوەشی لەگەڵ بێت کە خوێندن بە زمانی کوردی و فەرمی بوونی ئەو زمانە لە هەرێمی کوردستان و هەروەهاش بوونی میدیا و کەناڵی تەلەڤزیۆنی بە شێوەزارە کوردییەکان وەک هۆکارێکی دیکە ئاسانکارییان بۆ ئەو تێکەڵبوونە فەرهەنگییە کردووە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسادا ئاماژە بەوەش کراوە کە زەمینە فەراهەم بووە بۆ خوێندنی کوردەکانی سووریا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و هەلی کاریشیان بۆ دابین کراوە و هاوسەرگیری و ژن و ژنخوازیش لە نێوانیاندا هەیە. ئەمانەش دیسان کاریگەر بوون لەو تێکەڵایەتییە فەرهەنگییەی کوردەکانی ئەو دوو ناوچە کوردنشینەی عێراق و سووریا.
Your Comment