نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و عەبادی

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێک لە بارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی بڵاو دەکاتەوە و ڕای‌دەگه‌یێنێ: کۆمەڵێک بابەت لە بارەی مووچە، نەوت، فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکان باس کراون و هەر دوو لاش پابەندبوونی خۆیان بە دەستوور دووپات کردۆتەوە.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی شه‌ممه‌ 20ی جانیڤێریی 2017، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆک‌وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ یاوه‌ری شاندێک كه‌ له‌ هه‌ریه‌ک له‌ قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆک‌وه‌زیران و فوئاد حسێن، سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان پێكهات بوو، به‌ سه‌ردانێک گه‌یشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆک‌وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ كۆ بوووه‌وه‌.

بەپێی ڕاگەیێندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان له‌ کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاته‌ سیاسی و ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له ‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق گفتوگۆیان لە بارەوە کراوە.

هه‌ر دوو لا هه‌ڵوه‌سته‌یان له ‌سه‌ر‌ دووا پێشڤه‌چوونه‌كانی گفتوگۆكانی نێوان تیمه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له ‌سه‌ر پرسی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و خاڵه‌ سنوورییه‌كان و فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی کوردستان كردوووە و به‌رده‌وامبوونی كۆبوونه‌وه‌ و دیدارەکانیان به ‌مه‌به‌ستی هه‌رچی زوو ته‌واو كردنی رێكکاره‌كانی ناردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان و كردنه‌وه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كان دووپات كردۆتەوە‌‌.

وەک لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ بواره‌كانی نه‌وت و پابه‌ندبوون به‌ ده‌ستووری عێراق باس کراون.

هاوکات نووسینگەی حەیدەر عەبادی ڕاگەیێندراوێکی لە بارەی کۆبوونەوەکە بڵاو کردەوە و ڕای‌گەیاند: لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لە بارەی دۆخی سیاسی و ئەمنی و چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور کراوە و عەبادی جەختی لە پابەندبوون بە دەستوور کردۆتەوە.

عەبادی هەروەها جەختی لە بەردەوام بوونی کاری لیژنەی تایبەت بە فڕۆکەخانەکان کردۆتەوە بۆ ئەوەی کارەکانیان تەواو بکەن و دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی بگەڕێتەوە بۆ فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی. بە پێویستیشی زانیوە دەسەڵاتی حکوومەتی ئیتیحادی بۆ هەموو دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەکان و فڕۆکەخانەکان بگەڕێتەوە کە بەپێی دەستوور لە دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندیدان.

سەرۆک‌وەزیرانی عێراق باسی لەوەش کردوووە کە گرنگە هەرێمی کوردستان نەوتی بەرهەمهێندراو ڕادەستی دەسەڵاتی ناوەندی بکات و هەناردە کردنی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆی حکوومەتی ناوەندییەوە بێت. لە بارەی کاری لیژنەکانیش بۆ وردبینی مووچە بە پێویستی زانیوە کارەکانیان تەواو بکەن بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و جەختیشی لەسەر پەلە کردن لەو پرسەدا کردۆتەوە.

نووسینگەی سەرۆک‌وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردوووە، عەبادی جەختی لە سەر یەکێتی و سەروەری خاکی عێراق کردۆتەوە و ڕاشی‌گەیاندوووە، هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەشێکن لە گەلی عێراق.

دوای کۆبوونەوە لەگەڵ عەبادی، شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی بە بانگهێشتێکی فەرمی لە بەغداوە چوووە تاران. بڕیارە ئەمڕۆش لەگەڵ حەسەن رۆحانی، سەرۆک‌کۆماری ئێران و کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتە کۆ ببێتەوە.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 10706

Your Comment

You are replying to: .
captcha