ئامانجی سه‌ره‌کیی تورکیا له‌ هێرش‌کردنه‌ سه‌ر عه‌فرین گواستنه‌وه‌ی قه‌یرانی ناوخۆییی خۆی بۆ ده‌ره‌وه‌یه‌

به‌شی تورکیا- پارتی یه‌کێتیی دیموکراتیکی سووریا له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ئاماژه‌ به‌ هێرشی سوپای تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌کات و ده‌ڵێت: ئامانجی سه‌ره‌کیی تورکیا له‌ هێرش‌کردنه‌ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌ گواستنه‌وه‌ی قه‌یرانی ناوخۆییی خۆی بۆ ده‌ره‌وه‌یه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، پارتی یه‌کێتیی دیموکراتیکی سووریا له‌ به‌یاننامه‌یێکدا ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: به‌رخۆدانی خه‌ڵکی عه‌فرین تا کاتی سه‌رکه‌وتن درێژه‌ی ده‌بێت. جارێکی دیکه‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا سه‌لماندی که‌ گه‌وره‌ترین زلهێز بۆ پاڵپشتی له‌ گرووپه‌ تیرۆریستییه‌کان بوووه‌ و واز له‌و سیاسه‌ته‌ی خۆی ناهێنێت. تورکیا زیاتر له‌ 2 ساڵ ڕێگای بۆ هێرشه‌کانی داعش هه‌موار کرد. ئێستاکه‌ش به‌ هه‌موو هێز و تواناوه‌ بۆ به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعش و گرووپه‌ چه‌کداره‌کان هه‌وڵ ده‌دات. عه‌فرین ناوچه‌یێکی ئه‌من بۆ په‌نابه‌رانی سووریایه‌. به‌ دوای جێگیر بوونی پاوه‌جێیی له‌ عه‌فرین و وه‌شاندنی زه‌برێکی گورچکبڕ له‌ داعش و گرووپه‌کانی سه‌ر به‌وان زه‌بر له‌ سیاسه‌ت و پڕۆژه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا دراوه‌. به‌ دوای سه‌رکه‌وتنه‌کانی سوپای دیموکراتیکی سووریا هه‌ڕه‌شه‌ و هێرشه‌کانی تورکیا زیاتر بۆته‌وه‌.

له‌ درێژه‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتوووه‌: ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌ ناو و ده‌ره‌وه‌ به‌ره‌وڕووی قه‌یرانێکی قووڵ بۆته‌وه‌. له‌ سه‌ره‌تادا بۆ هێرش کردنه‌ سه‌ر عه‌فرین به‌ دوای بیانوویێک ده‌گه‌ڕا. ئامانجی سه‌ره‌کی گواستنه‌وه‌ی قه‌یرانی ناوخۆییی تورکیا بۆ ده‌ره‌وه‌یه‌. ئه‌ردۆغان به‌ داگیر کردنی عه‌فرین هه‌وڵ ده‌دات ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵی داراییی خۆی دوور بخاته‌وه‌. ئێمه‌ وه‌کوو پارتی یه‌کێتیی دیموکراتیکی سووریا هێرش‌کردنه‌ سه‌ر هاووڵاتییانی عه‌فرین به‌ توندی سه‌رکۆنه‌ ده‌که‌ین. هێرش‌کردنه‌ سه‌ر عه‌فرین به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌ دژ به‌ دیموکراتیزه‌ کردنی ناوچه‌که‌‌. پێوسته‌ ئه‌مریکا و ڕوسیا هه‌ڵوێستى ڕوونیان له‌سه‌ر هێرشه‌کانى عه‌فرین هه‌بێت چوونکه ناشه‌فافییه‌ت له‌ هه‌ڵوێستی ئه‌و دوو وڵاته‌ به‌ مانای پشتڕاست کردنه‌وه‌ی هێرشی سوپای تورکیایه‌. ده‌بێ تێکڕای جیهان پشتیوانی له‌ به‌رخۆدانی عه‌فرین بکه‌ن. به‌ڵێن ده‌ده‌ین که‌ به‌رخۆدانی عه‌فرین ‌ده‌بێته‌ ڕوویێکی‌تر خه‌بات هاوشێوه‌ى کوبانێ.

سه‌رچاوه‌: هاوار نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10699

Your Comment

You are replying to: .
captcha