به‌غدا كۆتایی به‌ كاری نوێنه‌رایه‌تیی‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌هێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق كۆتایی به ‌كاره‌كانی سێ ئه‌فسه‌ری كوردی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له ‌ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كان ده‌هێنێت، ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش ڕوون كردنه‌وه‌ ده‌دات و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت، "وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌دواداچوون ده‌كات".

کوردپرێس، به‌گوێره‌ی‌ زانیارییه‌كانی SNN، ڕۆژی 15ی جانیڤێریی 2018، وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق نووسراوێكی ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كردوووه‌ و تێیدا كۆتایی به ‌كاركردنی سێ ئه‌فسه‌ری كورد له ‌ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سه‌ر به ‌وه‌زاره‌تی به‌رگری هێناوه‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كه‌ی ڕوون بكاته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌SNNی ڕاگه‌یاند: "ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ سه‌ر به ‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ن و ڕۆڵی هه‌ماهه‌نگی‌كاریان له ‌نێوان وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری و پێشمه‌رگه‌ بینیوه‌".

وتیشی: "تا ئێستا هۆكاری كۆتایی هێنان به‌ كاره‌كانی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ له‌و ژووره‌ له ‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراقه‌وه‌ نازانرێت و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش به‌دواداچوونی جدی ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه‌".

جه‌بار یاوه‌ر سه‌باره‌ت به‌ نوێنه‌ره‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراقیش له ‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ وتی: "ئه‌وان له ‌كار كردن به‌رده‌وامن و هیچ كێشه‌یێكیان نییه‌".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 10691

Your Comment

You are replying to: .
captcha