گرووپێکی لە یاسا دەرچوو، لەپەنای حەشدی شەعبی چەند مووشەکێکیان ئاراستەی هەولێر کرد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند: گرووپێکی سەرلێشێواوی لە یاسا دەرچوو، لەپەنای حەشدی شعبی چەند مووشەکێکیان ئاراستەی ناوشاری هەولێر کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەحموود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشە مووشەکیەکەی سەر شاری هەولێر بڵاو کردەوە؛ دەقی ڕاگەیێندراوەکە:

گرووپێکی سەرلێشێواوی لە یاسا دەرچوو، لەپەنای حەشدی شعبی و بە ئیمکانات و ئیمتیازات و بەرگی ئەوانەوە، کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی شەوی رابردوو، رێکەوتی ١٥ لەسەر ١٦ـی شوباتی ٢٠٢١، بەمەبەستی تێکدانی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی پایتەختی هەرێمی کوردستان، ترسنۆکانە چەند مووشەکێکیان ئاراستەی ناوشاری هەولێر کرد، کە بووە هۆی زیانی مرۆیی و ماددی و نیگەران کردنی دانیشتوانی سڤیلی هەولێری هۆلاکۆ بەزێن.

ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وێرای ئیدانە کردنی ئەو کردەوە تیرۆرستیە قێزەونە، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەروشیانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەکەین، سەرەڕای ئیدانە کردنی ئەم کردەوە دوژمنکارانە بەپەلە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەن و لایەنی بەرپرسیار بەگوێرەی یاسا بەسزای پێویست بگەیەندرێت. بەداخەوە ئەم کردەوانە بۆ چەندەمین جارە دووبارە دەبنەوە و لە ئاکامی بەسزا نەگەیاندنیان، تاقمە تێکدەرەکان جورئەتی ئەوە پەیدا دەکەن لەسەر کارە تیرۆریستیەکانیان بەردەوام بن.

شاراوەنیە و بەڕوونی دەزانین کە عەقلیەتی ئەم جۆرە تاقمە فاشیست و دوور لە هزری سەردەمیانە، چاویان بە پێشکەوتن و ئارامی و خۆش ژیانی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان هەڵنایە و پێیان قبووڵ ناکرێ‌ پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئاینی لە کوردستان هەبێت و بەدەست لەپشت دراوی وەکوو ئەڵقە لە گوێ‌ ئەوەی پێیان دەگوترێ‌ جێبەجێی دەکەن!..

هەموولایێک ئاگادار دەکەینەوە کە بەردەوامیدان بەم شێوە مامەڵەکردنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی، ئاکامی باشی نابێت و عێراق چەندە ناسەقامگیر و لە هەموو بوارەکاندا تووشی ئاڵۆزی و تەنگەژە بووە، ئەم کردەوە تیرۆریستیانە زیاتر لە ناسەقامگیری و نائارامی دا نوقمی دەکەن.

سەرەڕای پشتیوانی تەواومان بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەواوی دام و دەزگا بەرگری و ئەمنییەکان، رایدەگەیێنین کە تەواوی سەرکردایەتی و کادیر و ئەندامانمان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پایتەختی هەرێم وەک چۆن لە رابردوو شورەی پۆڵاین بووین لەمەودواش لەسەر هەمان رێباز و باوەڕ پارێزگاری لە قەوارەی ھەرێمی کوردستان و حکوومەت و دانیشتوانەکەی دەکەین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1067

Your Comment

You are replying to: .
captcha