که‌س به‌ ته‌نها ناتوانێت پێشبڕکێی هه‌ڵبژاردن له‌ ئه‌ردۆغان بباته‌وه‌/خه‌بات بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌ست‌پێبکات

به‌شی تورکیا- سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان له‌ دیمانه‌یێکی خۆی له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی ئۆره‌نسه‌ل وتوویه‌تی: ڕاسته‌ که‌س وه‌ک ئه‌ردۆغان ناتوانێت ڕژێمێکی تاکه‌که‌سی دروست بکات، که‌سیش ناتوانێت به‌ته‌نها له‌ هه‌ڵبژاردندا له‌ ئه‌ردۆغانی بباته‌وه‌.

کوردپرێس: سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش له‌و دیمانه‌یه‌دا که‌ پارێزه‌ره‌کانی ناوبراو ئاسانکارییان بۆ کردبوو له‌ سه‌ر ڕووداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی تورکیا دواوه‌ و گرینگترین ته‌وه‌ره‌کانی ئه‌و دیمانه‌یه‌ش بریتی بوون له‌: ناکۆکیی نێوان ئه‌ردۆغان و عه‌بدوڵڵا گویل، پرسی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار (2019)، کۆنگره‌ی پارتی دیموکراتیکی گه‌لان و...

ده‌قی دیمانه‌که‌ لێره‌ بخوێنه‌ره‌‌وه‌:

* ناکۆکیی نێوان ئه‌ردۆغان و گویل ئێستا زۆر ئاشکراتره‌، عه‌بدوڵڵا گویل وه‌کوو ئه‌لته‌رنه‌تیڤێک بۆ ئه‌ردۆغان چاوی لێ ده‌کرێت ئایا به‌ڕای ئێوه‌ ئه‌وه‌ ڕاسته‌؟

- ئه‌وه‌ی که‌ به‌ڕێز گویل چ ڕێگایێک ده‌گرێته‌ به‌ر ده‌بێ خۆی بڕیاری له‌ سه‌ر بدات. ئه‌رکی ئێمه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ چاوه‌ڕوانییێکی گێچه‌ڵ‌سه‌رانه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ بۆ گه‌ل دروست بکه‌ین، ده‌بێت ئۆپۆزسیۆن به‌رفراوان ترین هاوپشتیی دیموکراتی پێکبهێنن و پێکهاته‌یێک بگرنه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌ کێبه‌رکێ بۆ هه‌ڵبژاردن بکه‌ن. ئه‌لته‌رناتیڤی ڕژیمی تاکه‌که‌سی به‌ خۆ حه‌شاردان له‌ په‌نای که‌سایه‌تیێکی تر ناکرێت. ئه‌ڵته‌رناتیڤی بیرۆکه‌ی ئه‌ردۆغان ده‌سه‌ڵاتێکی به‌هێزی دیموکراتییه‌ که‌ پێکهاتوووه‌ له‌ کۆده‌نگیی نێوان چینه‌ جۆربه‌جۆره‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌ سه‌ر بنه‌مای دیموکراسی. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش ته‌نها به‌ یه‌ک که‌س نوێنه‌رایه‌تی ناکرێت. دڵنیا بن ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت یه‌ک که‌س وه‌کوو ڕکابه‌ری سه‌ره‌کیی خۆی قوت بکاته‌وه‌ و دیاره‌ که‌سیش ناتوانێت ڕکابه‌ریی ئه‌ردۆغان بکات. خویشی باش له‌وه‌ گه‌یشتوووه‌، وێده‌چێت پاڵێوڕاوی ئۆپۆزسیۆنیش یه‌ک که‌سی تایبه‌ت بێت به‌ڵام ئه‌رکه‌ هه‌موو چینه‌ جۆربه‌جۆره‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌ که‌مپه‌ینی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردن پاڵپشتیی ئه‌و یه‌ک که‌سه‌ بن. ته‌نها له‌ حاڵێکدا له‌مپه‌ر نامێنێت و سه‌رکه‌وتن ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت که‌ هه‌موو به‌شێکی کۆمه‌ڵگا یه‌ک ڕێچکه‌ بپێون.

* لایه‌نگرانی ئه‌ردۆغان وتوویانه‌ که‌س له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌ردۆغاندا سه‌رکه‌وتووی هه‌ڵبژاردن نابێت. ئه‌و که‌شه‌ی سیاسه‌توان و نووسه‌رانی نزیک له‌ حکوومه‌ت پاش ناکۆکییه‌که‌ی نێوان ئه‌ردۆغان و گویل ڕه‌خساندوویانه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

- به‌ڵێ ڕاسته‌. پێشتریش ئاماژه‌م به‌و بابه‌ته‌ کرد ئه‌وه‌ی بیه‌وێت به‌ ناوی ڕژیمی تاکه‌که‌سییه‌وه‌ ئیدعای ئه‌وه‌ بکات که‌ باشتر له‌ ئه‌ردۆغان دۆخه‌که‌ ئیداره‌ ده‌کات فه‌شه‌ل ده‌هێنێت. به‌ ڕاستی که‌س باشتر له‌ ئه‌ردۆغان ناتوانێت ڕژیمێکی دیکتاتۆری به‌ڕێوه‌ به‌رێت.

* له‌ به‌شێکی قسه‌کانتاندا باسی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختتان کردبوو. ئێستا دۆخه‌که‌ بۆ هه‌ڵبژاردن چۆن ده‌بینن. ئایا که‌شه‌که‌ ڕه‌خساوه‌؟ ئه‌گه‌ر نه‌ڕه‌خساوه‌ ده‌بێ چ به‌رنامه‌یێک بگیرێته‌ به‌ر؟ ئه‌و خه‌باته‌ چۆن خه‌باتێک ده‌بێت؟

- پێش هه‌موو شتێک ده‌بێت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دۆخی نائاسایی و یاسای په‌سه‌ندکراوی ئه‌و دۆخه‌ یاسایێکی هه‌موارکراو له‌ به‌رچاو بگیرێت. پێویسته‌ به‌ هه‌موو ده‌ره‌چه‌یێکی دیموکراسییانه‌ به‌ میتنگ و ڕێپێوانی ئارام ئه‌و ده‌نگه‌ بگه‌یێنن. ده‌بێت پلانێکی بێ وه‌ستان دابڕێژرێت هه‌موو چینێکی کۆمه‌ڵگا به‌ کرێکار و بێکار و فه‌لا و گه‌نج و ژن و قوتابی و ڕۆژنامه‌نووس و هونه‌رمه‌ند و شاعیر و نووسه‌ر و سه‌رجه‌م چینه‌کانی کۆمه‌ڵگاوه‌ خه‌باتێکی هاوبه‌ش ده‌ست‌پێبکرێت. بۆ ئه‌و خه‌باته‌ هه‌ر ئێستاش درنگه‌. هیچ پلانێک سه‌رکه‌وتوو نابێت جگه‌ له‌و پلانه‌ی هانی خه‌ڵک بدات وره‌یان به‌رز ببێته‌وه‌ و به‌ره‌و خه‌بات هه‌نگاو بنن. ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌ ئاستی حیزب و سه‌ندیکا و ژووری ستراتێژییه‌ت هه‌رگیز بۆ خه‌بات کردن به‌س نییه‌.

* هاوپه‌یمانیێتیی دژبه‌ران له‌ ڕێبازی دیموکراسییه‌ت و ئاسایشدا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ مه‌رج و فاکته‌ری پێویست بۆ هه‌موار کردنی ڕێگای هاوپه‌یمانیێتیی دژبه‌ران چین؟

- ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌یێکی به‌رفراوان که‌ پشت به‌ستوو به‌ بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کان بێت دانه‌ڕێژرێت ناتوانین چینی فراوانی کۆمه‌ڵگا بێنینه‌ ڕیزی خه‌باته‌وه‌. نابێت له‌و باره‌یه‌وه‌ بیرۆکه‌مان وا بێت که‌ "جا من چیم پێ ده‌کرێت" به‌ڵکوو ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌ به‌رچاو بگرین که‌ "من ده‌توانم کارێک بکه‌م". ئه‌گه‌ر بیرۆکه‌یێکی ئاوا زاڵ ببێت بێ گومان ئه‌نجامی باشیشی ده‌بێت. ئه‌گه‌ر یه‌ک بگرین به‌ڵام دیسان به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی یان پلانی بیرۆکه‌ی حیزبه‌که‌ی من پێشڕه‌و بێت دیسانه‌وه‌ تووشی کێشه‌ ده‌بین. ئێستا گه‌شتووینه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ی ده‌بێ بڵێن گه‌ل لایه‌نی سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت په‌نه‌لێک له‌ سه‌ر مافی یه‌کسان دابمه‌زرێت. ئه‌و پرسه‌ له‌ بره‌وپێدانی فه‌رهه‌نگی دیموکراسییه‌تدا ئه‌نجامی ئیجابی ده‌بێت.

* پارتی دیموکراتی گه‌لان و لایه‌نگره‌کانیشی هه‌مووان حه‌ز ده‌که‌ن به‌ڕێزتان جارێکی تر خۆتان کاندید بکه‌نه‌وه‌. خۆ کاندید نه‌کردنی به‌ڕێزتان خوێندنه‌وه‌ی وای لێکراوه‌ که‌ پارته‌که‌تان تووشی کێشه‌ ده‌کات. ڕای ئێوه‌ له‌و باره‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ پاش وازهێنانی خۆتان به‌و بڕیاره‌ پارتی دیموکراتیکی گه‌لانتان له‌ به‌رانبه‌ر هه‌موو چه‌شنه‌ قه‌ده‌غه‌ی چالاکیی سیاسی پاراستوووه‌. ئایا به‌ڕاست ئه‌و بڕیاره‌ پارته‌که‌تان ده‌پارێزێت؟

- هه‌ڵبه‌ت من بڕیارێکم داوه‌ و پاشانیش هه‌ر بڕیارێکی تر بده‌م یه‌که‌مایه‌تیم پاراستنی پارته‌که‌م و ئه‌و خه‌باته‌ ده‌بێت له‌ نێوخۆی حیزبدا ده‌کرێت. من پارتی دیموکراتیکی گه‌لان و گه‌لی خۆم له‌م دۆخه‌ سه‌خته‌دا به‌جێ ناهێڵم. بڕیارم نه‌داوه‌ له‌ گۆڕه‌پانی خه‌بات بکشێمه‌وه‌. تورکیا به‌ درێژاییی مێژووی سیاسیی خۆی هێرشی سیاسی، دادوه‌ری و فیزیکیی له‌و چه‌شنه‌ی به‌ خۆوه‌ نه‌دیوه‌. به‌ڵام ئێمه‌ له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا هه‌موو داڵغه‌مان ئه‌وه‌یه‌ که‌ چۆن ده‌توانین ئه‌و حیزبه‌ی ئێستا خۆی به‌ پێوه‌ گرتوووه‌ گه‌وره‌تر و به‌هێزتر بکه‌ین. پێش هه‌موو شتێک ده‌بێت باش له‌وه‌ بگه‌ین که‌ پارتی دیموکراتیکی گه‌لان پارتێکی تاکه‌که‌سی نییه‌. نه‌ک پێکهاته‌ حیزبییه‌که‌ی نه‌ سیسته‌می بڕیاردانه‌که‌ی و نه‌ بنه‌ما و نه‌ ده‌ستووره‌که‌ی و نه‌ لایه‌نگرانیشی تاکه‌که‌سی بوونی قبوول ناکه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ش پارتی دیموکراتیکی گه‌لان ئه‌و مه‌ترسییه‌ی له‌ سه‌ر نابێت له‌ نێوخۆی حیزبیش سیسته‌مێکی سه‌رۆکایه‌تیی گشتگیر حاکمه‌. ئێستا زیندانی کرانی من پڕۆسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی کردنی ئه‌و حیزبه‌ی تووشی کێشه‌ کردوووه‌. ده‌شبینرێت ئه‌و به‌ بارمته‌ گرتنه‌ی ئێستا حاکمه‌ شه‌فاف ناکرێته‌وه‌. هه‌ر بۆیه‌ش بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌ره‌چه‌یێکی گونجاو له‌ پێناو ئیداره‌کردنی حیزبه‌که‌ و یه‌کخستنه‌وه‌ی پڕۆسه‌ی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌و بڕیاره‌م داوه‌. من هه‌ندێک به‌رپرسیاریێتیم له‌ حیزبدا هه‌یه‌ که‌ دۆخه‌که‌ی ئێستاکه‌ ڕێگا نادات ئه‌رکه‌کانم ڕاپه‌ڕێنم. به‌م دۆخه‌وه‌ خۆکاندید کردنی من تا چ ڕاده‌یێک ئه‌خلاقی و سیاسییه‌؟

* ئه‌گه‌ر حوکمی قه‌ده‌غه‌کرانی چالاکیی سیاسیتان بۆ ده‌رنه‌کرێت خۆ ئاماده‌ ده‌که‌ن بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار (2019)؟ به‌شێکی کۆمه‌ڵگا ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌تان لێ ده‌که‌ن ئایا ده‌توانن ببنه‌ کاندیدی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار؟

- من بۆ گه‌لی خۆم و له‌ پێناو خه‌باتی گه‌له‌که‌م بۆ دیموکراسییه‌ت و ئاشته‌وایی ئاماده‌م به‌ هه‌موو چه‌شنێک له‌خۆبورده‌یی بکه‌م. جگه‌ له‌وه‌ش بۆ هیچی تر خۆ کاندید ناکه‌م. هه‌ر بۆیه‌ش نه‌ بیر له‌ ئه‌و پرسه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ و نه‌ خویشمی بۆ ئاماده‌ ده‌که‌م. ئێستا که‌ هه‌لومه‌رج و خه‌بات و ئاڵوگۆڕه‌ سیاسییه‌کان به‌ خێراییێکی زۆر له‌ گۆڕان دایه، بڕیاری له‌و چه‌شنه‌ گونجاو نابێت. ئه‌وه‌ی که‌ پارتی دیموکراتیکی گه‌لان بڕیاری چی ده‌بێت پاش ڕاوێژ و قسه‌ کردن له‌ نێوخۆی حیزب بڕیاره‌که‌ ئاشکرا ده‌کرێت به‌ڵام ئه‌وه‌ بزانن من لای خومه‌وه‌ به‌ هیچ له‌ونێک خۆم بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار ئاماده‌ ناکه‌م.

* دۆخی نائاسایی چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ هه‌ندێک که‌س ئیدعای ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌مپی مه‌شق پێکردن بۆ خه‌باتی چه‌کدارانه‌ پێکده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وتێکی میلیشیایی له‌ نێو وڵات دابمه‌زرێنن. ئه‌و ئیدعایه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

- ئیئتیلافی فاشیستی پارتی داد و گه‌شه‌ و پارتی بزاڤی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست به‌ باشی ده‌زانن ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا نه‌یبه‌نه‌وه‌ ده‌چنه‌ زبڵدانی مێژوووه‌ و هه‌ر بۆیه‌ش ده‌یانه‌وێت تا کاتی هه‌ڵبژاردن دۆخی نائاسایی و سیسته‌می فشار درێژ بکه‌نه‌وه‌. له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا ئه‌رکی سه‌رشانی ئۆپۆزسیۆن ئه‌وه‌یه‌ شه‌ڕی کاریگه‌ر، به‌رده‌وام و به‌رفراوان و به‌هێز له‌گه‌ڵ دۆخی نائاسایی بکات. جگه‌ له‌و حاڵه‌ته‌ش بێده‌نگ بوون له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌دا ئاسانکاری بۆ پێکهێنانی ڕژیمێکی دیکتاتۆری له‌ ڕێگای سندۆقی ده‌نگدانه‌وه‌ ده‌کات. بڵاو کردنه‌وه‌ی ده‌نگۆی چه‌ک هه‌ڵگرتنی هاووڵاتییان و پێکهێنانی هێزێکی میلیشیایی له‌ تورکیا هه‌وڵێکه‌ بۆ بێده‌نگ کردنی هاووڵاتییان و له‌مپه‌رنانه‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر خۆپیشاندان و ناڕه‌زایییه‌. ده‌یانه‌وێ بڵێن ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانێتیی پارتی داد و گه‌شه‌ و پارتی بزاڤی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست سه‌رنه‌که‌وێت خۆتان بیبینن چی ڕوو ده‌دات. هه‌ر بۆیه‌ش نابێت که‌س له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌وه‌ سه‌ردانه‌وێنێت.

* وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا وتوویه‌تی په‌که‌که‌ چه‌کی پێ داده‌نرێت و ده‌کرێت جارێکی تر چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ باس بکه‌ین. به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی وته‌کانی جه‌نابی وه‌زیر کاردانه‌وه‌ی لێکه‌وته‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ قسه‌کانی گۆڕی و ئیدعای کرد که‌ قسه‌کانی وه‌زیر هه‌ڵگێڕدراوه‌ته‌وه‌. چۆن بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌ڕوانن که‌ ته‌نانه‌ت پێیان ته‌حه‌مول ناکرێت ئاماژه‌ به‌ دانوستانی چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ بکرێت؟

- ئه‌و بیرۆکه‌یه‌ مه‌ده‌د له‌ سیاسه‌تی شه‌ڕ وه‌ر ده‌گرێت. ته‌نانه‌ت به‌کارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی دانوستان و ئاشته‌وایی و چاره‌سه‌ر و گفتوگۆش لایان قه‌ده‌غه‌یه، ئه‌وه‌ش شتێکی نایاب نییه‌ نابێت چاوه‌ڕوان بکرێت پارتی داد و گه‌شه‌ جگه‌ له‌و سیاسه‌ته، سیاسه‌تێکی دیکه‌ی هه‌بێت. ئاشتی و ئاشته‌وایی به‌ پارتی داد و گه‌شه‌ ده‌سته‌به‌ر نابێت به‌ڵکوو به‌ ئێمه‌ و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌بێت که‌ پێویستییان به‌ ئاشتی ئاشته‌وایی هه‌یه‌.

* حوکمی به‌ندکرانی درێژخایه‌ن بۆ ئێدریس باڵوکه‌ن وه‌کوو "سزای پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ر کردن" ڕاگه‌یێندراوه‌. ئێوه‌ ڕاتان له‌و باره‌یه‌وه‌ چییه‌؟

- به‌ڕێز ئێدریس باڵوکه‌ن یه‌ک له‌ باشترین و کاریگه‌رترین سیاسه‌توانانی سه‌رده‌مه‌ له‌ تورکیا. داکۆکییه‌کانی به‌ڕێزیان به‌ هه‌یکه‌لی پڕۆسه‌ی دانوستانه‌وه‌ بۆ ئاشته‌وایی زۆر سه‌رکه‌وتوو بوو. ئه‌وه‌ی که‌ پارتی داد و گه‌شه‌ به‌تایبه‌ت له‌ سه‌ر ئێدریس باڵوکه‌ن به‌رنامه‌ی داڕێژا و وه‌کوو که‌سی ئامانج له‌ لیستی خۆیدا بینییه‌وه‌ به‌ سودفه‌ نه‌بوو. ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ به‌نیاز بوو وره‌ی به‌رز و ئیراده‌ی جه‌نابی باڵوکه‌ن له‌ پڕۆسه‌ی دانوستاندا سزا بدات و کۆتایی به‌ حه‌یاتی سیاسی به‌ڕێزیان بهێنێت. حوکمی زیندانی درێژخایه‌نی باڵوکه‌نیش ئه‌م قسانه‌ پشتڕاست ده‌کاته‌وه‌. ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ته‌نها له‌ به‌ر قسه‌ کردن خراوه‌ته‌ پاڵ به‌ڕێزیان له‌ داهاتوودا بێ گومان له‌ ناو ده‌چن. ئێدریس باڵوکه‌ن سیاسه‌توانێکی کاریگه‌ر ده‌بێت له‌ ساڵانی داهاتووی تورکیا و له‌ مێژووشدا ده‌ورێکی کاریگه‌ری بۆ چاوه‌ڕوان ده‌کرێت. هه‌ر بۆیه‌ش له‌ داهاتوویێکی نزیکدا به‌ سه‌ربه‌رزی له‌ به‌ندیخانه‌ دێته‌ ده‌ر و ئه‌وه‌ش گومانی تیێدا نییه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 10657

Your Comment

You are replying to: .
captcha