له‌سه‌ر دۆسیه‌ی پاره‌دان به‌ یه‌کێتی سکاڵا له‌سه‌ر سه‌رۆکی حکوومه‌ت تۆمار ده‌کرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- په‌رله‌مانتارێکی گۆڕان ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "له‌سه‌ر دۆسیه‌ی پێدانی پاره‌ به‌ یه‌کێتی سکاڵای یاسایی له‌سه‌ر نێچیرڤان بارزانی تۆمار ده‌کات".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح په‌رله‌مانتاری فراکسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ڕای‌ده‌گه‌ێنێت: "ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌ده‌مه‌ دادگا و سکاڵای یاسایی له‌سه‌ری تۆمار ده‌که‌م".

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووکدا نووسیویه‌تی: پێدانی 2 ملیۆن دۆلار به‌ مه‌لا به‌ختیار له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ پشتڕاست کراوه‌ته‌وه‌ و له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا مه‌لا به‌ختیار 2 ملیۆن دۆلاری له‌ سه‌رۆکی حکوومه‌ت وه‌رگرتوووه‌ و ئیداره‌ی گشتیی یه‌کێتیش ده‌ڵێت "ئه‌و پاره‌ بۆ یه‌کێتی بووه‌!"

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌: "به ‌هیچ یاسایێک سه‌رۆکی حکوومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی به‌خشینی ئه‌م پاره‌یه‌ی نییه و ئه‌م پاره‌به‌خشینه‌ له‌ کاتێکدایه‌ به‌شێکی زۆری پێشمه‌رگه‌ ٩٠ ڕۆژه‌ مووچه‌ی نییه‌ و ژیانی خه‌ڵک خراپه."

په‌رله‌مانتاره‌که‌ی فراکسیۆنی گۆڕان ئه‌وه‌شی وتوووه‌: "هاوکاری حیزبه‌کان ڕاگیراوه‌ به‌ڵام پارتی و یه‌کێتی ده‌ستبه‌رداری بردنی پاره‌ی پێشمه‌رگه ‌و منداڵه‌ شه‌هید و فه‌رمانبه‌ر نابن."

له‌ کۆتاییی نووسراوه‌که‌یدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان وتووشیه‌تی: "من ئه‌مڕۆ له‌ ڕێگای ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ سه‌رۆکی حکوومه‌ت ده‌ده‌مه‌ دادگا و ئه‌گه‌ر ڕێز له‌ یاسا ده‌گرێت با بێته‌ دادگا و دیفاع له‌ خۆی بکات".

ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ میدیای فه‌رمیی یه‌كێتیی نیشتمانی به‌ڵگه‌نامه‌یێكی ئیداره‌ی گشتیی حیزبه‌كه‌ی بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ مه‌لا به‌ختیار دوو ملیۆن دۆلاری له ‌نێچیرڤان سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌رگرتوووه‌.

سه‌رچاوه‌: شارپرێس

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 10567

Your Comment

You are replying to: .
captcha