کوردپرێس- بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەست کەوتوون، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باسی لێدوانەکانی گوتەبێژی ھاوپەیمانییەتیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لەبارەی پێکھێنانی "ھێزی ئاسایشی سنووری سووریا" کراوە.
ئەردۆغان جەختی لەوە کردۆتەوە کە "پێکھێنانی ھێزێک لە چەکدارانی ھێزەکانی سووریای دیموکرات کە زۆربەیان لە چەکدارانی پەیەدە/پەکەکە پێکھاتوون، ھەرگیز جێگەی قبووڵ­کردن نییە بۆ تورکیا".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کردوووە کە ئەم جۆرە ھەوڵانە خزمەت بە سەقامگیری و یەکێتیی خاکی سووریا ناکات و ھاوکاری کردنی رێکخراوەکانی تیرۆریستی لە لایەن بەشێکی ھاوپەیمانەکانی تورکیا جێگەی قبووڵ نییە.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ، یان ستۆڵتەنبێرگ ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە تورکیا لە بەرامبەر پێشھاتەکانی ئەم دواییەی سووریا لە چوارچێوەی مافی یاسای نێودەوڵەتی، گشت رێوشوێنێکی پێویست بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی خۆی، دەگرێتەبەر.
لە لایێکی دیکەش سکرتێری گشتیی ناتۆ، یان ستۆڵتنبێرگ رای­گەیاندوووە کە ئەوان لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگەن و مافی تورکیایە کە خۆی لە ھێرشە تیرۆریستییەکان بپارێزێت.
ستۆڵتەنبێرگ جەختی لەوەش کردۆتە کە تورکیا بۆ ناتۆ وڵاتێکی گرنگە و لەبارەی پێکھێنانی ھێزێکی ئاسایش لە باکوور سووریا راوێژ بە ناتۆ نەکراوە.
لە کۆتاییی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئەردۆغان رای­گەیاندووە کە تورکیا دەستەوەستان ناوەستێت لە بەرامبەر دامەزراندنی پێکھاتەیێکی تیرۆریستی لەوبەری سنوورەکانی و لەم بارەیەشەوە بەردەوام دەبن لە پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، ھاوکات سکرتێری گشتیی ناتۆ، یان ستۆڵتەنبێرگ جەختی لە گرنگیی ئەنجام­دانی دیالۆگ لە نێوان ھاوپەیمانەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە، کردۆتەوە.
کۆدی هەواڵنیر: 60101
Your Comment