بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای وڵات لە کۆی میوانانی سێزدەیەمین خولی کۆمکاری پارلەمانی وڵاتە ئیسلامییەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە جیهانی ئیسلام دەبێ لە پرسە سەرەکییەکاندا بە ڕوون و ئاشکرا هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت و "فەلەستین" و "یەکێتیی جیهانی ئیسلام"یان لە مژارە بنەماییەکان زانی و وتیان: یەکێک لە سەرەکیترین پرسەکانی ئێستای جیهانی ئیسلام هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئاستی باڵای زانستە و لەمبارەوە ئەزموونی کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشانی داوە دەکرێ بە پشت بەستن بە گەنجانی وڵات ئەم بابەتە مسۆگەر ببێت.
هەروەها تیشکیان خستە سەر ئەرکی وڵاتە ئیسلامییەکان هەمبەر ئەو ڕووداوانەی لە ئێستای جیهاندا ڕوو دەدەن و دەریانبڕی: جیهانی ئیسلام دەبێ ئەوڕۆکە لە پرس و مژارە سەرەکییەکانی دنیادا ڕۆڵی هەبێت و چیدی مۆڵەت نەدات ئەزموونی تاڵی ڕابردوو و زاڵ بوونی دەسەڵاتخوازان و ئاسەوارە درێژخایەنەکانی ئەو حاڵەتە دووپات ببێتەوە.
پاشان باسیان لە ئاراستە بوونی پرسی میانمار و کشمیر لە کۆمکارەکە و پشت گوێ کەوتنی دوو باسی زۆر گرینگی بەحرەین و یەمەن کرد و زیاتر ڕوونیان کردەوە: دەبێ لە پرسە بنەماییەکانی جیهانی ئیسلام قسە ئاشکرا بکرێت، چوونکە بەم شێوەیە ڕەوت درووست دەبێت و گارتێکەریی لەسەر بیرۆکەی گشتی و نوخبەی جیهان دەبێت.
جەختیشیان کردەوە نابێ مۆڵەت بدرێت کە ئیمراتووریەتی پاگەندەی ڕۆژئاوا کە زۆربەی جاران لەلایەن زایۆنیزمەوە ئیدارە دەکرێت پرسە گرینگەکانی جیهانی ئیسلام بخاتە پەراوێزەوە و لە ڕێگای پیلانی بێدەنگییەوە پرسە سەرەکییەکانی ئۆمەتی ئیسلامی لەبەر چاو دوور بکاتەوە.
دڵنیاییشیان لەوە دا کە شکست دانی زایۆنیزم لە گۆڕەپانی شەڕی نەرمدا نەکراو نییە هەر بەو جۆرەی لە شەڕی سەربازیدا لە لوبنان شکستیان هێنا و دانیشیان پێدانا.
ئایەتووڵا خامنەیی بابەتی فەلەستینیان بە لووتکەی پرسەکانی جیهانی ئیسلام زانی و لەمبارەوە وتیان: لە فەلەستیندا سێ ڕووداوی "داگیر کردنی زەوی"، "دوور کردنەوەی بەکۆمەڵی خەڵک" و "ڕەشکوژی و جەنایەتی گەورەی بەشەری" هاوکات ئەنجام دراون و ئەم زوڵمە لە مێژووی مرۆڤدا بێوێنەیە.
جەنابیان بەرگری لە فەلەستین ئەرکی هەموو دەزانن و دەڵێن: نابی وەبزانین بەرنگار بوونەوەی ڕژێمی زایۆنی بێهوودەیە بەڵکوو بە ئیزنی خودای پەروەردگار ئەو تێکۆشانە بێئەنجام نابێت هەر بەو جۆرەی ڕەوتی موقاوەمەت لەچاو ساڵانی پێشوو پەرەی سەندووە. سەردەمێک دروشمی زایۆنەکان "لە نیل تا فورات" بوو و ئێستا بۆ بەرگری لە خۆیان ناچار دەستەو داوێنی دیوار کێشان بوونە.
ڕێبەری باڵای وڵات جەختیان لەوە کردەوە بێگومان فەلەستین کۆمەڵە و مێژوویێکە "لە بەحرەوە تا نەهر" و قودسیش پێتەختیەتی و ئەمەش ڕاستیێکی حاشا هەڵنەگرە و هیچ خەوشێکی تێدا نییە.
جەنابیان هەوڵی ئەم دواییەی ئەمریکا هەمبەر قودسیان بە "هەڵەی نابەجێ" وەسف کرد و ڕایانگەیاند: ئەم کارە ناکرێت و ئەم هەوڵە هیچ ئەنجامێکی نابێت.
ڕوونیشیان کردەوە: ئەو حکوومەتانەی لە ناوچەکەدا یارمەتیی ئەمریکا دەدەن و لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی هاوکاری دەکەن تاوەکوو دژ بە برایانی موسوڵمانیان بوەستنەوە بە ئاشکرا خەیانەت دەکەن و ئەمەش وەکوو ئەو هەوڵانەیە سعوودیەکان ئەنجامی دەدەن.
ئایەتوڵلا خامنەیی "یەکێتیی جیهانی ئیسلام"یان بە گرینگ زانی و درێژەیان دا: بڕوامان وایە یەکێتیی جیهانی ئیسلام بە ئاوڕ دانەوە لەوەی حەشیمەت و ئیمکاناتێکی زۆر لەخۆوە دەگرێت و شوێنی وڵاتانی ئیسلامیش زۆر هەستۆک و گرینگە دەتوانێت دەسەڵاتێکی گەورە دابمەزرێنێت و کاریگەریی هەبێت. ئێمە بۆ گەیشتن بە یەکێتی تەنانەت لەگەڵ ئەوانەشی کە ئاشکرا دژ بە ئێمە دەجووڵێنەوە وتوومانە بۆ هەموو هەوڵێکی برایانە ئامادەین بەڵام ئەوان وا ناکەن.
جەختیشیان لەسەر بابەتی زانست کردەوە و هەوڵ بۆ پێشکەوتنی زانستییان لە گرینگترین پێداویستییەکانی جیهانی ئیسلام زانی و وتیان: جیهانی ڕۆژئاوا دەستی گەیشتە زانست و هەر لەم ڕێگایەوە دەستی بەسەر سامان و دەسەڵاتێکی زۆر لە جیهاندا گرت بەڵام چوونکە ئیمانی لەگەڵ نەبوو زانستەکە بوو بە زوڵم و خوێن مژین، کەواتە جیهانی ئیسلام بۆ دەرباز بوون لەو دەسەڵاتەی ئەوان دەبێ هەوڵی خۆی بۆ گەیشتن بە زانست بدات و ئەمەش کارێکی نەکراو نییە.
پاشان باسیان لە پێویستی وەدرۆخستنەوەی ئیدیعاکانی شەیتانی گەورە واتا ئەمریکا کرد و سەبارەت بە ئیدیعای ئامریکا لەبارەی "مافی مرۆڤ"ەوە دەریانبڕی: ئەوەی ئەوڕۆ لە ئەمریکادا کاری بەدەستەوەیە بێپەردە و ئاشکرا هەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت، ئەگەرچی ئەوانەی پێشووش هەر ئەم هەڵوێستەیان بووە بەڵام بەو ڕوونییە باسیان لێوە نەدەکرد. نموونەی بەرچاوی ئەم هەڵوێستە وتەکانی ئەم دواییەی سەرۆکی ئەمریکایە سەبارەت بە ئەفریقا و ئەمریکای لاتین و دیکەی ڕەگەزەکانی مرۆڤ کە تەواو دژ بە ماڤی مرۆڤە و دەبێ ئیدیعا درۆودەلەسەکانیان لەم ڕێگایەوە ئەشکرا بکرێت.
سەبارەت بە ئیدیعای بەرنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆر لەلایەن ئەمریکاوە وتیان: ئەم ئیدیعایەشیان لە کاتێکدایە کە خۆیان پشتیوانی ڕژێمی زایۆنین و خودی سەرکۆماری ئێستای ئەمریکا دانی بەوەدا ناوە کە خۆیان داعشیان وەدیهێناوە و تا دوا ساتەکانی مانی داعشیش پشتیوانییان لێوەکردووە.
ڕێبەری باڵای وڵات جەختیان کردەوە دەبێ ئەم درۆودەلەسە و فشەیە بکرێتە ڕەوتێک و بەو شێوەیە خەڵکی پێ ئاگادار بکرێتەوە و ببێتە هۆی کاریگەری لەسەر خەڵک و نوخبەی کۆمەڵگا.
پاشان لەسەر پێویستی بەدواداچوون بۆ جێبەجێ کردنی بڕیارنامەی کۆتاییی کۆمکارەکە جەختیان کردەوە و وتیان: ئەوەی ڕایدەسپێرین یان خۆ لەسەری پێداگرین خۆمان بە کردەوە ئەنجاممان داوە و بەرهەمەکەشمان بینیوە.
بۆ نموونەش ئایەتوڵلا خامنەیی باسی لە بەرخۆدانی گەلی ئێران کرد و ڕایانگەیاند: "گەمارۆی ئابووری" یەکێکە لە بەشەکانی ئەم شەڕە و ئێستاش دژ بە گەلی ئێران لە ئارادایە، بەڵام گەلی ئێران ڕاوەستاون و شکستیان نەهێناوە و ئەوڕۆکە گەمارۆکان بوونەتە ئامرازێک بۆ گەشە و پشکوتن.
باسیان لەوەش کرد "کۆمەڵ سالاریی ئایینی" لە دیکەی ئەزموونە سەرکەوتووەکانی گەلی ئێرانە و بۆتە بەستێنێک بۆ گەشەی مادی و مەعنەوی و گەلی ئێران بە یارمەتیی خودای پەروەردگار تا ئێستا توانیویانە پیلانەکانی ئەمریکا پووچەڵ بکەنەوە و لەمە بەدواشی هەر پووچەڵیان دەکەنەوە.
لە کۆتاییی وتەکانیاندا ڕێبەری باڵای وڵات هیوای دەربڕی هەڵمەتی ڕوو لە گەشەی گەلی ئێران بتوانێت ببێتە هاندەر و ئەنگێزەیێک بۆ بەهێزتر بوونی ئۆمەتی ئیسلامی دژ بە ملهۆڕان.
لەم دیدارەدا ئامادەبووان لە نزیکەوە لەگەڵ ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی گفتوگۆیان کرد.
سەرچاوە: بنکەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕێبەری باڵای وڵات
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment