بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرپرسانی باڵای تورکیا لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەردەوام باس لە هێرش کردن بۆ سەر عەفرین دەکەن. ڕەجەب تەییب ئەردۆغان هۆشداری داوە ئەرتەشی 30000 کەسیی سنوورەوانیی کورد و عەرەب پێش ئەوەی لە دایک ببێت دەخنکێنێت.
ڕۆسلان پۆشۆف بەڕێوەبەری سەتەری توێژینەوەی ستراتێژی لە مۆسکۆ بە ڕۆژنامەی کومرسانتی ڕووسیای وتووە: کوردەکانی سووریا لە لایەن ئەمریکاوە پشتگیرییان لێدەکرێت و لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەکی قورس و سووکیان بە دەست هێناوە. ئەگەر لە باکووری سووریا شەڕ دروست ببێت ئەرتەشی تورکیا زیانی زۆری لێدەکەوێت.
ناوبراو جەختی کردەوە هۆشدارەکانی ئەردۆغان لە ڕۆژانی ڕابردوودا درێژەی سیاسەتەکانی وڵاتەکەیە دژ بە کورد و هیچ دەسەڵاتێکی دەرەکی ناتوانێت ڕێگە لەو سیاسەتەی ئەنقەرە بگرێت.
ئەندی فیودوروف بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە سیاسییەکان لە ڕووسیا بە کومرسانتی وتووە: یەکێک لە مەرجەکانی ئەردۆغان بۆ هاوکاری کردن لەگەڵ ئیئتیلافی ڕووسیا لە سووریا، پشتگیری نەکرنی مۆسکۆ لە کوردەکانی سووریایە. ئەنقەرە هەروەها بە ڕووسیای وتووە نابێت پشتگیری لە دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد بکات.
ئاندی کورتۆنۆف بەڕێوەبەری ئەنجومەنی پێوەندییە نێوەنەتەوەییەکان لە ڕووسیا لەو باوڕەایە توانای ڕووسیا بۆ کنترۆڵ کردنی دۆخەکە سنووردارە، ئەگەری زۆرە کە پرسی کورد ببێتە تەنگەژەیێکی گەورە لە پێوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا.
ولادیمیر سوتنیکۆف بەڕێوەبەری سەنتەری ستراتێژیکی ڕووسیا لەبارەی ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا دەڵێت: لە ڕاستیدا بەو هەوڵە تورکیا یەکەم هەنگاو بۆ دابەش کردنی خاکی سووریا هەڵدەگرێت کە دەتوانێت هەموو بەرنامەکانی پڕۆسەی ئاشتی لە ناو بەرێت.
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment